تاران؛ سەعید شەهگوڵی، لاوی ٣٧ ساڵانی کوردی یارسان، شوناسی یەکێکی دیکە لە گیانلەدەستداوانی ١٩ی بەفرانبار
٢٩ی ڕێبەندانی ١٤٠٤؛ "سەعید شەهگوڵی"، لاوی ٣٧ ساڵانی کوردی یارسان و خەڵکی گوندی "حاجی ئاباد"ی تووسرکان سەر بە پارێزگای هەمەدان و دانیشتووی "سەعیدئاباد"ی شەهریاری تاران، شوناسی یەکێکی دیکە لە گیانلەدەستداوانی ١٩ی بەفرانباری ١٤٠٤ لە شەهریاری تارانە کە بە تەقەی فیشەکی جەنگیی هێزە سەرکوتکەرەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە قەڕگی کوژرا.
سەرچاوەیەکی ئاگاداری کوردپا وێڕای پشتڕاستکردنەوەی ئەم هەواڵە بە کوردپای وت؛ هێزە سەرکوتکەرەکان لە ناوچەی "سەعیدئاباد" بە فیشەکی جەنگی تەقەیان لە قوڕگی ناوبراو کرد، بەجۆرێک کە فیشەک ڕوچوبووە نێو کاکیلەی و توانای هەناسەدانی نەمابوو و دەسبەجێ گیانی لەدەست دا. سەعید شەهگوڵی لە کاتێکدا کە سواری ماشینەکەی بوو تەقەی لێ کرا. هێزە سەرکوتکەرەکان پاش کوشتنی تەرمەکەیان بەجێ هێشتووە و سواری ماشینەکەی بوون و ماشینەکەیان لەگەڵ خۆیان برد.
سەعید شەهگوڵی دووکانی مێوەفرۆشیی هەبوو و کاسبکارێکی خۆشناو بوو. ناوبراو خێزاندار بوو و کوڕێکی ١١ ساڵانی هەبوو.
تەرمی سەعید شەهگوڵی لە گۆڕستانی "ئیمامزادە عەبدوڵڵا" لە پردی بادامەکی سەعیدئاباد بە خاک سپێردرا.