شیروان؛ ٤٢ ڕۆژ دەسبەسەرکران و ناڕوونیی چارەنووسی مەسعوود بابایی

10:10 - 30 رێبەندان 2725

۲٩ی ڕێبەندانی ۱۴۰۴؛ سەرەڕای تێپەڕبوونی ٤٢ ڕۆژ لە دەسبەسەرکرانی سەرەڕۆیانەی "مەسعوود بابایی" هاووڵاتیی کوردی خەڵکی شیروان سەر بە پارێزگای خوراسان، سەبارەت بە چارەنووس و شوێنی ڕاگیرانی زانیارییەک لەبەر دەستدا نییە و ئەمە نیگەرانیی بنەماڵەکەی لەمەڕ دۆخی ناوبراو زۆر کردووە.

سەرچاوەیەکی ئاگاداری کوردپا وێڕای پشتڕاستکردنەوەی ئەم هەواڵە بە کوردپای وت؛ "مەسعوود بابایی" ڕۆژی ١٨ی بەفرانباری ١٤٠٤ بە بێ بەڵگەی یاسایی لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر کرا و بۆ شوینێکی نادیار ڕاگوێزرا و لەو کاتەوە سەرەڕای بەدواداچوونی بنەماڵەکەی، هیچ زانیارییەک لە چارەنووس و شوێنی ڕاگیرانی لەبەر دەستدا نییە.

هەتا کاتی بڵاوبوونەوەی ئەم هەواڵە، ناوبراو لە مافی دەستڕاگەیشتن بە پارێزەر، چاوپێکەوتن لەگەڵ بنەماڵەکەی بێبەری کراوە.

ڤیدیۆیەک لە دانپێدانانی زۆرەملێی ناوبراو لەژێر ئەشکەنجەی تونددا لە دەنگوڕەنگی خوراسان بڵاو کراوەتەوە و ناوبراو وەک "سەرکردەی ناڕەزایەتییەکانی شیروان" ناوی هێنراوە و ئەمەش نیگەرانییەکان سەبارەت بە چارەنووس و دەرچوونی حوکمی قورس بۆ ناوبراوی زۆر کردووە.