ئیلام؛ دەسبەسەرکرانی سەرەڕۆیانەی ٨ کەس لە ئاودانان و یەک کەس لە سەرواڵە سەعید نادری، حوسێن بێهنامە، ئەبولفەزل دەربەندی، بێهزاد ئەکبەری، سەعید یاری، محەممەدئەمین نەزەری، یووسف خەتاوی، ئەمین فەرەجوڵڵاهی، سیرووس قوبادی

00:12 - 30 رێبەندان 2725

۲٨ی ڕێبەندانی ۱۴۰۴؛ لە درێژەی شەپۆلی دەسبەسەرکرانی سەرەڕۆیانە و ڕەشبگیریی هاووڵاتییانی کورد لە ئیلام، ٨ لاوی کورد لە ئاودانان بە ناوەکانی "سەعید نادری، حوسێن بێهنامە، ئەبولفەزی دەربەندی، بێهزاد ئەکبەری، سەعید یاری، محەممەدئەمین نەزەری، یووسف خەتاوی، ئەمین فەرەجوڵڵاهی" و لاوێکی ژوردی خەڵکی سەرواڵە بە ناوی "سیرووس قوبادی" بە شێوەی سەرەڕۆیانە دەسبەسەر کران.

سەرچاوەیەکی ئاگاداری کوردپا لەمبارەوە وتی: دەسبەسەرکرانی ئەم کەسانە بە بێ بەڵگەی یاسایی بووە و هەتا کاتی بڵاوبوونەوەی ئەم هەواڵە، سەبارەت بە هۆکاری دەسبەسەرکرانی ئەم هاووڵاتییانە هیچ زانیارییەک لەبەر دەستدا نییە و هێزە ئەمنییەتییەکان لەمبارەوە ڕوونکردنەوەیەکیان نەداوە.

شوناس و ڕێکەوتی دەسبەسەرکرانی ئەم هاووڵاتییانە بەم شێوەیە:

ڕۆژی سێشەممە ٢٨ی ڕێبەندانی ١٤٠٤ هاوکات لەگەڵ ڕێوڕەسمی چلەی قەتڵی حکوومەتیی "عەلیڕەزا سەیدی" ١٦ ساڵان و خەڵکی ئاوادان و کوژراو لە تاران، ٧ هاووڵاتیی کوردی خەڵكی ئاودانان بە ناوەکانی "سەعید نادری" ٣٥ ساڵان، "حوسێن بێهنامە" ٢٧ ساڵان و دانیشتووی شارەکی "هەزارانی"، "ئەبولفەزل دەربەندی" ٢٠ ساڵان و دانیشتووی شارەکی "هەزارانی"، "بێهزاد ئەکبەری" ٣٥ ساڵان، "سەعید یاری"، "محەممەدئەمین نەزەری" و "یووسف خەتاوی" لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر کراوە.

هەروەها ڕۆژی دووشەممە ٢٧ی ڕێبەندانی ١٤٠٤، دوو هاووڵاتیی کوردی دیکە بە ناوەکانی "ئەمین فەرەجوڵڵاهی" ٢٧ ساڵان خەڵکی ئاودانان و"سیرووس قوبادی" خەڵکی سەراوڵە، لەلایەن هێزە ئەنییەتییەکانەوە دەسبەسەر کران.

وێنە لە ڕاستەوە بۆ چەپ:

بێهزاد ئەکبەری، سەعید یاری، حوسێن بێهنامه، یووسف خەتاوی، سەعید نادری، ئەبولفەزل دەربەندی، ئەمین فەرەجوڵڵاهی، سیرووس قوبادی، محەممەدئەمین نەزەری