کرماشان؛ دەسبەسەرکرانی ٢٦ هاووڵاتی لە کرماشان، هەرسین و سەرپێڵ
١٢ی بەفرانباری ۱۴۰۴؛ لە درێژەی شەپۆلی دەسبەسەرکرانی هاووڵاتییان لە پارێزگای کرماشان بە ئامانجی زاڵکردنی کەشی سەرکوت و ئەمنییەتی بەسەر کۆمەڵگەدا، دوابەدوای ناڕەزایەتییەکان کە لە بەفرانباری ١٤٠٤ـەوە دەستیان پێ کرد، لە ماوەی دوو ڕۆژدا ٢٦ هاووڵاتی لە کرماشان، هەرسین و سەرپێڵ لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر کران و بۆ شوێنێکی نادیار ڕاگوێزران.
بەپێی هەواڵە پشتڕاستکردنەوەکان لەلایەن کوردپاوە، لە ماوەی ڕۆژانی ١١ و ١٢ی بەفرانباری ١٤٠٤دا لانیکەم ٢٦ هاووڵاتی لە پارێزگای کرماشان دەسبەسەر کران. ئەم دەسبەسەرکرانانە بەم شێوەیەن، کرماشان (١١ کەس)، هەرسین (٨ کەس) و سەرپێڵ (٧ کەس)، کە هەواڵی دەسبەسەرکرانی ٧ کەس لە دەسبەسەرکراوانی کرماشان لەلایەن میدیا حکوومەتییەکانەوە و بە بێ ڕاگەیاندنی شوناسیان بڵاو کرایەوە. لە نێوان دەسبەسەرکراواندا، مێرمنداڵێکی تەمەن ١٧ ساڵ و چالاکێکی مەدەنی و مافی ژنانیش هەن. زۆربەی ئەم کەسانە بە بێ بەڵگەی یاسایی دەسبەسەر کراون و بۆ شوینی نادیار ڕاگوێزراون.
ناوی دەسبەسەرکراوان بە جیاکردنەوەی شارەکان بەم شێوەیە؛
کرماشان (۴ کەس):
شەوی پێنجشەممه ۱۱ ی بەفرانباری ۱۴۰۴، «یوونس جەمشیدی»، هاووڵاتیی خەڵكی کرماشان، لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر کرا و بۆ شوێنێکی نادیار ڕاگوێزرا.
ڕۆژی پێنجشەممە ۱۱ ی بەفرانباری ۱۴۰۴، «میلاد شیرازی»، هاووڵاتیی خەڵكی کرماشان، لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە لە گەڕەکی "نەوبەهار" دەسبەسەر کرا و بۆ شوێنێکی نادیار ڕاگوێزرا.
ڕۆژی پێنجشەممە ۱۱ ی بەفرانباری ۱۴۰۴، «نەوید ڕۆستەمی»، هاووڵاتیی خەڵكی کرماشان ، لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە لە ناوچەی "دەرگاراژ" دەسبەسەر کرا و بۆ شوێنێکی نادیار ڕاگوێزرا .
ڕۆژی هەینی ۱۲ ی بەفرانباری۱۴۰۴، مەهسا زارعی، چالاکی مەدەنی و فەرهەنگیی خەڵكی کرماشان، بە بێ بەڵگەی یاسایی لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە لە ماڵەکەی خۆیدا دەسبەسەر کرا و بۆ شوێنێکی نادیار ڕاگوێزرا. ئەم ژنە چالاکە تەمەن ٣٣ ساڵە پێشتریش لە ٤ی جۆزەردانی ١٤٠٤دا دەسبەسەر کرابوو.
دەسبەسەرکران بە بێ ڕاگەیاندنی شوناس لەلایەن میدیا حکوومەتییەکانەوە؛ ٧ کەس
١١ی سەرموەزی ١٤٠٤، هەواڵدەرییە حکوومەتییەکان باسیان لە دەسبەسەرکرانی ٧ کەس لە کرماشان لە پێوەندی لەگەڵ ناڕەزایەتییەکاندا کرد و ئەوانی "سەر بە گرووپە دژبەرەکان و ئۆپۆزسیۆنی دەرەوەی وڵات" ناو برد. لەم میدیایەدا ئاماژەیەک بە ناوی کەسەکان نەکراوە و سەبارەت بە چارەنووسیان زانیارییەک لەبەر دەستدا نییە.
هەرسین (۸ کەس):
شەوی پێنجشەممه ۱۱ ی بەفرانباری ۱۴۰۴، «ڕەحمان ئازەرەنگ»، هاووڵاتیی خەڵكی هەرسین سەر بە کرماشان لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر کرا و بۆ شوێنێکی نادیار ڕاگوێزرا.
شەوی پێنجشەممه ۱۱ ی بەفرانباری ۱۴۰۴، سێ هاووڵاتیی خەڵكی هەرسین سەر بە کرماشان به ناوەکانی «سەجاد کاکایی»، «شاپوور ڕەشیدی» و «مێهدی بالی» لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر کران و بۆ گرتنگەی ئیتلاعاتی سپا لە کرماشان ڕاگوێزران.
شەوی پێنجشەممه ۱۱ ی بەفرانباری ۱۴۰۴، مێرمنداڵێکی تەمەن ١٧ ساڵ به ناوەکانی «محەممەدمێهدی کەرەمی»، خەڵكی هەرسین سەر بە پارێزگای کرماشان، لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر کرا و بۆ شوێنێکی نادیار ڕاگوێزرا.
ڕۆژی هەینی ١٢ی بەفرانباری ١٤٠٤، سێ هاووڵاتی بە ناوەکانی «زاهێد ئەفشاری»، «یووسف کاکاوەند» و «نوورەدین مووسازاده» خەڵكی هەرسین سەر بە پارێزگای کرماشان، لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر کران و بۆ شوێنێکی نادیار ڕاگوێزران.
سرپێڵ (۷ کەس):
١٢ی بەفرانباری ١٤٠٤؛ ٧ هاوولاتیی خەڵكی سەرپێڵ سەر بە پارێزگای کرماشان، به ناوەکانی «مێهدی کەریمی»، «جەبار جەمشیدی»، «قائم بەدری»، «مەسعوود ئاقایی»، «ئەحەد مورادی»، «ئێسفەندیار سەروەری» و«عەسکەر نەجەفی» لە «چوارڕێیانی میرئەحمەد»، به بیانووی دەسپێکی ناڕەزایەتییەکان، لەلایەن هێزە لیباس شەخسییەکانەوە دەسبەسەر کران و بۆ شوێنێکی نادیار ڕاگوێزران.
هەتا کاتی بڵاوبوونەوەی ئەم هەواڵە، سەبارەت بە هۆکاری دەسبەسەرکران و تۆمەتە وەپاڵدراوەکان دژی ئەم هاووڵاتییانە زانیارییەک لەبەر دەستدا نییە و هێزە ئەمنییەتییەکانیش ڕوونکردنەوەیەکیان نەداوە.
پێویستە بوترێ کە لە کۆماری ئیسلامیی ئێراندا، دەسبەسەرکراوانی سیاسی لە قۆناغەکانی دەسبەسەرکراندا بە شێوەی سیستماتیک لە دەسپێڕاگەیشتن بە پارێزەر، مافی چاوپێکەوتن لەگەڵ بنەماڵە و تەنانەت مافی پێوەندیی تلفۆنی بێبەری دەکرێن. لە حاڵەتگەلێکی کەمدا، لەژێر گوشار و بەدواداچوونە بەردەوامەکانی بنەماڵەکاندا، تەنیا ئیزنی پێوەندیگەلی چەند چرکەیی دەدرێت کە لە کوردستاندا دەسبەسەرکراوان تەنانەت ئیزنی قسەکردن بە زمانی داکیشیان نییە و تەنیا لە چەند وشەدا و بە زمانی فارسی و بە بوونی هێزە ئەمنییەتییەکان ئیزنیان هەیە کە ڕایبگەیێنن کە "دەسبەسەر کراون و باشن."
ناڕەزایەتییەکانی بەفرانباری ١٤٠٤، لە ٧ی بەفرانباری ١٤٠٤(٢٨ی دێسامبری ٢٠٢٥)ـەوە لە بازاڕی گەورەی تاران دەستیان پێ کرد، جێگایەک کە کاسبکاران لە کاردانەوە بە دابەزینی نرخی ڕیاڵ، هەڵاوسانی زۆر و گرانیی کاڵا سەرەکییەکان، دووکانەکانیان داخستن و ئەم مانگرتنە بەخێرایی بوو بە کۆبوونەوەی ناڕەزایەتیی سەر شەقامەکان. لە ڕۆژانی دواتردا، ناڕەزایەتییەکان گەیشتنە زیاتر لە ١٠ هەتا ١٥ شار لەوانە، تاران، ئێسفەهان، مەشهەد، شیراز، کەرەج، هەمەدان، کرماشان، ئەهواز، ئەراک، نەجەف ئاباد، فوولادشار، مارلیک، ئیزە، نوورئابادی مەمەسەنی، فەسا، یەزد، زەنجان و قوم. چییەتیی سەرەتایی ناڕەزایەتییەکان ئابووری و بژیو بوو، بەڵام وردەوردە لە زۆربەی شارەکاندا بوو بە ڕەخنەگرتن لە سیاسەتەکانی حکوومەت و دروشمگەلێک دژی نیزام و ڕێبەرەکانی.