کرماشان؛ دەسبەسەرکرانی ٩ هاووڵاتیی دیکە؛ ژمارەی دەسبەسەرکراوان گەیشتە ٣٥ کەس

04:44 - 15 بەفرانبار 2725

١٤ی بەفرانباری ١٤٠٤؛ لە درێژەی شەپۆلی دەسبەسەرکرانی هاووڵاتییان لە پارێزگای کرماشان بە ئامانجی زاڵکردنی کەشی سەرکوت و ئەمنییەتی بەسەر کۆمەڵگەدا، دوابەدوای ناڕەزایەتییەکان کە لە بەفرانباری ١٤٠٤ـەوە دەستیان پێ کرد، لانیکەم ٩ هاووڵاتیی دیکە لە شارەکانی کرماشان، هەرسین، شاباد و گیەڵان  سەر بە پارێزگای کرماشان دەسبەسەر کران و بۆ شوێنێکی نادیار ڕاگوێزران. پێشتر کوردپا باسی لە دەسبەسەرکرانی ۲۶ هاووڵاتیی دیکە لە شارەکانی کرماشان، هەرسین و سەرپێڵ کردبوو. بەم شێوەیە لە ماوەی چوار ڕۆژدا (۱۱ هەتا ۱۴ ی بەفرانباری  ۱۴۰۴) زیاتر لە ۳۲ هاووڵاتی لە کرماشان دەسبەسەر کراون.

بەپێی هەواڵە پشتڕاستکراوەکان لەلایەن کوردپاوە، لە ماوەی ڕۆژانی ١١ هەتا ١٤ی بەفرانباری ١٤٠٤، لانیکەم ٩ کەس لە پارێزگای کرماشان دەسبەسەر کراون. ئەم دەسبەسەرکرانانە بەم شێوەیەن: کرماشان (٢ کەس)، هەرسین (٣ کەس)، شاباد (یەک کەس) و گیەڵان (٢ کەس). زۆربەی ئەەم کەسانە بە بێ بەڵگەی یاسایی و بە هێرش بۆ سەر ماڵەکانیان و بەشێوەی توندوتیژانە دەسبەسەر کراون و هەتا کاتی بڵاوکردنەوەی ئەم ڕاپۆرتە سەبارەت بە چارەنووس و شوێنی ڕاگیرانیان زانیارییەک لەبەر دەستدا نییە.

شوناسی دەسبەسەرکراوان بە جیاکردنەوەی شارەکان بەم شێوەیە؛

کرماشان (٣ کەس):

ڕۆژی پێنجشەممە ۱١ی بەفرانباری ۱۴۰۴، "ئێحسان حەیاتی" لە گەڕەکی "وەکیل ئاقا"ی کرماشان لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر کرا و بۆ شوێنێکی نادیار ڕاگوێزرا.

ڕۆژی شەممە ١٣ی بەفرانباری ١٤٠٤؛ "مەیسەم بێهزادی" خەڵكی گوندی "چوارزبر" لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر کرا و بۆ شوێنێکی نادیار ڕاگوێزرا.

ڕۆژی شەممە ١٣ی بەفرانباری ١٤٠٤؛ "محەممەد زیادی" خەڵكی کرماشان لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر کرا و بۆ شوێنێکی نادیار ڕاگوێزرا.

هەرسین (۳ کەس):

ڕۆژی هەینی جمعه ۱۲ی بەفرانباری ۱۴۰۴، "ڕەحیم محەممەدوەلی"، "عەلی چراغی" و "میلاد عەلی بەیگی" لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر کران و بۆ شوێنێکی نادیار ڕاگوێزران.

شاباد (یەک کەس):

ڕۆژی شەممە ١٣ی بەفرانباری ١٤٠٤؛ "سەعید دەرویشی" لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر کرا و بۆ شوێنێکی نادیار ڕاگوێزرا.

گیەڵان (۲ کەس)؛
​ڕۆژی شەممە ١٣ی بەفرانباری ١٤٠٤؛ "یووسف سالخوردە" هونەرمەندی تاتۆکاری خەڵکی گیەڵان بە هێرشی هێزە ئەمنییەتییەکان بۆ سەر ماڵەکەی دەسبەسەر کرا و بۆ شوێنێکی نادیار ڕاگوێزرا.

١٤ی بەفرانباری ۱۴۰۴؛ هاووڵاتییەک بە ناوی "دڵارام کازمی" خەڵكی گیەڵان کە لە ١٢ی بەفرانباردا لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر کرابوو، بەشێوەی کاتی ئازاد کرا.

هەتا کاتی بڵاوبوونەوەی ئەم هەواڵە، سەبارەت بە هۆکاری دەسبەسەرکران و چارەنووسی ئەم هاووڵاتییانە زانیارییەک لەبەر دەستدا نییە و هێزە ئەمنییەتییەکان لەمبارەوە ڕوونکردنەوەیەکیان نەداوە.