بەندیخانەی یەزد؛ ئیتلاعاتی سپا پێشی بە چوونە مورەخەسیی خالید زەمانی گرتووە

07:45 - 15 بانەمەڕ 2725

ئیتلاعاتی سپای پاسداران سەرەڕای ڕەزامەندیی بەندیخانەی ناوەندیی یەزد و دادستانی ئەم شارە لەگەڵ داواکاریی مورەخەسیی خالید زەمانی، زیندانیی سیاسیی کوردی خەڵکی شاری خۆی، پێشی بە چوونی ناوبراو بۆ مورەخەسی گرت.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگاداری کوردپا، ئەم بەندکراوە سیاسیە کە حەڤدەیەمین ساڵی سزاکەی لە بەندیخانەی یەزددا تێپەڕ دەکات، لە ماوەی ڕابردوودا پاش ڕەزامەندیی شۆرای بەندیخانە و دادستانی یەزد لەگەڵ چوونی بۆ مورەخەسی و دانانی بارمتەی ١٠ میلیارد تمەنی لەلایەن بنەماڵەکەیەوە، بە هۆی دژایەتیی ئیتلاعاتی سپا لە چوون بۆ مورەخەسی بێبەری کرا.

ئەم بەندکراوە سیاسییە کوردە لە ماوەی دەسبەسەربوونیدا بە هۆی دژایەتیی ئیتلاعاتی سپای پاسداران لە مافی ئازادیی مەرجدار و ناردنی بۆ مورەخەسی بێبەری کراوە.

خالید زەمانی، کوڕی یووسف، زیندانیی سیاسیی کوردی خەڵکی شاری خۆی، ڕۆژی ١٠ی پووشپەڕی ١٣٨٧، لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر و بۆ ماوەی ٥ حەفتە لێپرسینەوەی لێ کراوە و لە ماوەی دەسبەسەرکرانیدا، هێزە ئەمنییەتییەکان بە خراپترین شێوە لێپرسینەوەیان لێ کرد و ئەشکەنجەی فیزیکییان دا.

ئەم زیندانییە سیاسییە، پاشان لەلایەن لقی یەکی دادگای ئینقلابی خۆیەوە، بە سەرۆکایەتیی دادوەر "نەورۆزی"، بە تۆمەتی "موحاربە"، لە ڕێگەی ئەندامەتی لە یەکێک لە حیزبە کوردستانییەکانی حکوومەتی ئێران بە "بڕینەوەی دەستی چەپ و لاقی ڕاست"، مەحکووم کرا کە ئەم حوکمە پاش ناڕەزایەتیدەربڕینی خالید زەمانی لە دیوانی باڵای وڵاتدا ڕەت کرایەوە.

خالید زەمانی، دواتر لەلایەن دادگای پێداچوونەوەی پارێزگای ورمێوە بە ٣٠ ساڵ زیندان و دوورخرانەوە بۆ زیندانی ناوەندیی یەزد مەحکووم کراوە.

پاش پشتڕاستکرانەوەی حوکمی ئەم زیندانییە سیاسییە، ناوبراو ڕۆژی ٣٠ی سەرماوەزی ١٣٨٨، لە زیندانی خۆیەوە بۆ زیندانی یەزد دوور خرایەوە.

خالید زەمانی هاودۆسییەی فەسێح یاسەمەنی، بەندکراوی سیاسیی کوردە کە لە ڕۆژی ١٨ی بەفرانباری ١٣٨٨دا لە بەندیخانەی خۆی لە سێدارە درا.