بەڵگەی کۆچی دوایی حەمید حوسێننژاد بە بێ ئاماژە بە شوێن و هۆکاری گیانلەدەستدانی؛ بەڵگەیەکی ناڕوون لە لەسێدارەدانێکی نهێنی

ڕۆژی دووشەممە ١٥ی بانەمەڕی ١٤٠٤، پاش ١٧ ڕۆژ بەدواداچوون، بنەماڵەی حەمید حوسێننژاد حەیدەرانلوو، بەڵگەی کۆچی دوایی ناوبراویان وەرگرت؛ بەڵام ئەم بەڵگەیە بە بێ ئاماژە بە شوێنی دیاریکراوی لەسێدارەدان، هۆکاری ڕوونی مردن و بە بێ پشتبەستن بە بڕیاری دادوەری دەرچووە. لە بەشی هۆکاری مردندا چەمکی "سزادانی یاسایی" هاتووە، بە بێ شیکردنەوە سەبارەت بە شێواز یان شوێنی لەسێدارەدان. هەروەها هیچ ژمارە بڕیار، ڕێکەوتی جێبەجێکرانی سزا یان ناوی بەرپرسێکی دادوەرییی تێدا نەهاتووە. ئەم بۆشایی زانیارییانە، ناکۆکیی لەگەڵ بنەماکانی دادڕەسی دادپەروەرانە و یاسا نێوخۆییەکان وەک ماددەی ٢٢ی یاسای تۆمارکردنی باری کەسێتی و ئایینامەی جێبەجێکاری سزا کەیفەرییەکان هەیە و بە ڕوونی نموونەی لەسێدارەدانی نهێنی و پێشێلکردنی مافی بنەماڵە بۆ مافخوازی و ئاگادربوونەوە لە هەقیقەتە.
ئەم بەڵگەیە کە لە جیاتی ڕوونکردنەوە، پشتی بە ناڕوونی و بێدەنگی بەستووە، نە تەنیا پێشێلکاری یاسا نێوخۆییەکان و پێویستییەکانی دادڕەسی لە ئێرانە، بەڵکوو بنەما سەرەتاییەکانی مافی مرۆڤ لەوانە مافی ئاگاداربوونی بنەماڵە لە شوێن، کات و هۆکار مەرگی ئازیزەکەیان پێشێل دەکات. لە دۆخێکی وادا ئەم بەڵگەیە نە بەڵگەیەکی جێگای باوەڕی دادوەری، بەڵکوو شاهێدی جێبەجێکرانی سێدارە بە نهێنی، بە بێ چاوەدێریی یاسایی و لەژێر سێبەری ناوەندە ئەمنییەتییەکانە.
لە بەڵگەی کۆچی دوایی حەیدەر حوسێننژاددا، ڕێکەوتی کۆچی دوایی ٣٠ی خاکەلێوەی ١٤٠٤ راگەیەندراوە، بەلام بنەماڵەکەی تا دوو ڕۆژ دوای ئەوەش ئاگاداری ڕووداوەکە نەبوون و بەرپرسانیش زانیاریی هەڵەیان پێ دابوون.
کاتی تۆمارکردنی کۆچی دوایی هاوکاتە لەگەڵ ڕاگەیاندنی هەواڵەکە لەلایەن هەواڵدەریی فارس و بڵاوکردنەوەی ڤیدیۆی دانپێدانانی زۆرەملێ لە هەمان ڕۆژدا، کە ئەمە ئەگەری جێبەجێکرانی سزای سێدارەی نهێنی لەم ماوە زەمەنییەدا زیاتر دەکات.
ناڕوونییە سەرەکییەکان لە بەڵگەی کۆچی دوایی حەمید حوسێننژاد حەیدەرانلوو:
١ـ هۆکاری کۆچی دوایی گشتی و ناڕوونە: لە بەڵگەی کۆچی دوایی حەمید حوسێننژاددا، هۆکاری کۆچی دوایی تەنیا بە چەمکی "سزای یاسایی" نووسراوە، بە بێ ئاماژە بە شێوەی سێدارە (وەک هەڵواسین یا تەقەکردن)، ئەم ناڕوونییە بە پێچەوانەی پێویستییە ڕوونەکانی بڕگەی ٢٢ی یاسایی تۆمارکردنی باری کەسێتیییە کە جەختی لەسەر ئەوەیە کە هۆکاری مردنەکە بە وردی و ڕوونی ئەبێ تۆمار بکرێ. ئەم جۆرە گشتتاندنە، نە تەنیا لە ڕوانگەی پزیشکی دادوەرییەوە ناتەواوە، بەڵکوو بەستێن بۆ پێشێلکردنی مافی بنەماڵە بۆ مافخوازی لە داهاتوودا دروس دەکات.
٢ـ ئاماژەنەکردن بە شوێنی جێبەجێکردنی سزا: نە تەنیا لە ڕوانگەی یاساییەوە نادروستە، بەڵکوو لە حاڵەتگەلێکی وەکوو لەسێدارەدان، ئەم بابەتە زۆر جێگای نیگەرانییە و پێشێلکردنی بنەما سەرەکییەکانی مافی مرۆڤە. بەپێی بڕیارەکانی یاسای نێوخۆیی (ئاییننامەی شێوەی جێبەجێکردنی سزا کەیفەرییەکان و ئایینامەی نووسینگەکانی تۆمارکردنی ڕووداوەکانی ژیان) و هەروەها لەسەر بنەمای نێونەتەوەیی ڕوونکاریی دادوەری (لەوانە بڕگەی ١٤ی پەیماننامەی مافە مەدەنی و سیاسییەکان)، شوێنی جێبەجێکرانی سزا دەبێ بە شێوەی فەرمی و بەڵگەمەند تۆمار بکرێ و ڕابگەیەندرێ. نەەبوونی ئەم زانیارییانە لە بەڵگەی کۆچی دواییدا، نیشان دەدەن کە لەسێدارەدان بە شێوەی "نهێنی"، بە بێ دەرفەتی چاوەدێریی یاسایی و سەربەخۆ و بە بێ ئامادەبوون یان ئاگادربوونی بنەماڵە بووە و ئەمە یەکێک لە دیارترین پێنوێنەکانی لەسێدارەدانی نهێنی و پێشێلکردنی مافی هەقیقەت و دادپەروەری لە داهاتوویە.
٣ـ نەبوونی ژمارەی بڕیاری کۆتایی، ناوەندی دەرکردن و واژۆی دادوەریی جێی باوەڕ: لە بەڵگەی کۆچی دواییدا هیچ پشتبەستنێک بە ژمارە بڕیاری دادگا، ڕێکەوتی وردی دەرچوون و جێبەجێکرانی بڕیار، یان ناوی بەرپرسی دادوەری نییە. ئەمە دەبێتە هۆی ئەوەی کە بەڵگەکە لە بواری مافی نێوخۆییە ئێعتباری دادوەری نەبێت، چونکە لە بەڵگەی فەرمیی جێبەجێکرانی سزای کەیفەری، ئەم پشتبەستنانە پێویستن. سڕینەوەی ئەم پێویستییانە، بەڵگەیەک بۆ سڕینەوەی بەڵگە یاساییەکانە.
یەکێک لە ڕاپۆرتەکانی کوردپا کە باس لە لەسێدارەدانی نهێنیی حەمید حوسێننژاد حەیدەرانلوو و بێسەروشوێنکردنی زۆرەملێێ تەرمەکەی دەکات لە بەستەری خوارەوەدا بخوێننەوە کە کۆمەڵێک ڕاپۆرتی پێوەندیدار بە دادڕەسیی نادادپەروەرانەشی لەگەڵە.