کرماشان؛ مامۆستا ئایەت غوڵامی پاش بانگکران بۆ دادگای تایبەتی ڕۆحانییەت دەسبەسەر کرا

ڕۆژی چوارشەممە ٣ی بانەمەڕی ١٤٠٤، مامۆستا ئایەت غوڵامی، مامۆستای سوننە مەزهەب و پێشنوێژی پێشووی مزگەوتی "محەممەدەلموستەفا" لە کرماشان و مامۆستای قوتابخانەی زانستی دینی، پاش بانگکران بۆ دادگای تایبەتی ڕۆحانییەتی لقی کرماشان و ئامادەبوون لە دادگا، دەسبەسەر کرا.
ڕۆژی چوارشەممە ١٩ی پووشپەڕی ١٤٠٣، ئەم مامۆستا ئایینییە پاش بانگکران بۆ حەراسەتی ناوەندی ڕۆحانییەتی کرماشان، بە بڕیاری ئەم ناوەندە ئەمنییەتییە پێش بە پێشنوێژی و چالاکییەکانی لە مزگەوت گیرا.
ئەم مامۆستا ئایینیییە پێشتر چەندین جار بە هۆی پاڵپشتی نەکردن لە هەڵبژاردنەکانی حکوومەت، واژۆی بەیاننامەیەک بۆ مەحکوومکردنی لەسێدارەدانی مامۆستا محەممەد خزرنژاد، دەسبەسەرکرانی مامۆستایان و پێشگرتن لە چالاکییەکانیان، ناڕەزایەتی بە کوشتنی کۆڵبەران و سووتەمەنیبەران، ڕەخنەگرتن لە بەرپرسانی حکوومەت و بەڕێوەبردنی ڕێوڕەسمە ئایینییەکان لەسەر بنەمای مەزهەبی سوننە بانگی ناوەندە ئەمنییەتییەکان کرابوو.