پشتڕاستکرانەوەی حوکمی لەسێدارەدانی حەمید حوسێننژاد حەیدەرانلوو، بەندکراوی سیاسیی کورد لە دیوانی باڵای وڵات

23:27 - 9 خاکەلێوه 2725

لقی ٩ی دیوانی باڵای وڵات حوکمی لەسێدارەدانی حەمید حوسێننژاد حەیدەرانلوو، بەندکراوی سیاسیی کوردی خەڵكی گوندی "سگریک"  سەر بە شاری چاڵدێرانی وەک خۆی پشتڕاست کردەوە.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، ئەم حوکمە ڕۆژی ٦ی خاکەلێوەی ١٤٠٤، بە فەرمی لە بەندیخانەی ناوەندیی ورمێ بەم بەندکراوە سیاسییە ڕاگەیەندراوە.

گەلاوێژی ساڵی ١٤٠٣، ئەم بەندکراوە سیاسییە ناڕەزایەتیی بە بڕیاری دادگای سەرەتایی دەربڕی و دۆسییەکەی بە مەبەستی پێڕاگەیشتنی دووبارە ڕادەستی لقی ٩ی دیوانی باڵای وڵات کرابوو.

حەمید حوسێننژاد حەیدەرانلوو، لەلایەن لقی یەکی دادگای ئینقلابی ورمێوە بە سەرۆکایەتیی دادوەر "نەجەفزادە" بە تۆمەتی "بەغی" بە لەسێدارەدران سزا درا و کۆتاییەکانی مانگی پووشپەڕی ١٤٠٣، ئەم سزایە لەلایەن لقی یەکی دادگای ئینقلابی ورمێوە بە تۆمەتی "بەغی" لە ڕێگەی ئەندامەتی لە حیزبی کرێکارانی کوردستان (PKK) دەر کرابوو.

ئەم هاووڵاتییە ڕۆژی ٢٤ی خاکەلێوەی ١٤٠٢ لە سنووری چاڵدێران لەلایەن هێزە سنوورییەکانەوە دەسبەسەر کرا و پاش چەند کاتژمێر لێپرسینەوە لە گرتنگەی سەر سنوورەوە بۆ گرتنگەی ئیتلاعاتی ورمێ ڕاگوێزرا.

حەمید حوسێننژاد حەیدەرانلوو بۆ ماوەی ١١ مانگ و ١٠ ڕۆژ لە گرتنگەی ئیتلاعاتی ورمێ بە مەبەستی وەرگرتنی دانپیدانانی زۆرەملێ لە پێوەندی لەگەڵ بەشداری لە دەرگیریی چەکدارانەی حیزبی کرێکارانی کوردستان لەگەڵ هێزە سنوورییەکان لەژێر ئەشکەنجەی جەستەیی و دەروونیدا بووە و بە زۆر ناچار بە واژۆکردنی کاغەزگەلێک کراوە کە لێپرسە ئەمنییەتییەکان پێشتر ئامادەیان کردوون.

حەمید حوسێننژاد حەیدەرانلوو لە ماوەی دەسبەسەرکرانیدا لە گرتنگەی ئیتلاعاتی ورمێ تەنیا دوو جار پێوەندیی تلفۆنیی کورتی لەگەڵ بنەماڵەکەی هەبووە و لە مافی دەسپێڕاگەیشتن بە پاریزەر بێبەری کراوە.

ئەم هاووڵاتییە کوردە لە درێژەی ڕەوتی دادڕەسیی دۆسییەکەیدا بە هۆی دژایەتیی وەزارەتی ئیتلاعات لە دەسپێڕاگەیشتن بە پارێزەر بێبەری بووە و دادگا بە ڕەتکردنەوەی بەرگرییەکان و بەڵگەکان ئەم بەندکراوە سیاسییەی بە تۆمەتی "بەغی" لە ڕێگەی ئەندامەتی لە حیزبی کرێکارانی کوردستان بە لەسێدارەدان مەحکووم کردووە.

حەمید حوسێننژاد حەیدەرانلوو لە کۆبوونەوەی دادگای پێڕاگەیشتن بە تۆمەتەکانی هەموو تۆمەتە وەپاڵدراوەکانی ڕەت کردوونەتەوە و ڕایگەیاندووە کە لە ڕۆژی دەرگیریی هێزەکانی سەر سنوور و حیزبی کرێکارانی کوردستاندا لەگەڵ بنەماڵەکەی بۆ سەفەر لە تورکیە بووە.

وەزارەتی ئیتلاعات لە دۆسییەسازییەکەدا دژی ئەم بەندکراوە سیاسییە، بە بێ هیچ بەڵگەیەک ڕایگەیاندووە کە بە سەرنجدان بەوەی کە برای هاوسەرەکەی، مستەفا نووری لە ساڵی ١٣٩٤دا لە کاتی کاسبکاری لە سنووری جاڵدێران بە تەقەی هێزە سنوورییەکان کوژراوە، ناوبراو ڕقی لە هێزەکانی سەر سنوور بووە و بەم پێیە لە دەرگیریی نێوان هێزە سنوورییەکان و حیزبی کرێکارانی کوردستاندا هاوکاریی ئەم حیزبەی کردووە. دادوەر نەجەفزادەش بە بێ سەرنجدان بە بەرگرییەکانی ناوبراو لە دادگایەکی چەند خولەکیدا بە پشتبەستن بە "زانستی دادوەر" سزاکەی دەرکردووە.

ئەم بەندکراوە سیاسییە ئێستا لە بەندی وەرگرتنی ٢ی بەندیخانەی ناوەندیی ورمێیە.

حەمید حوسێننژاد حەیدەرانلوو لەدایکبووی ساڵی ١٣٦٤، باوکی سێ منداڵە و لە ماوەی ساڵانی ڕابردوودا بۆ دابینکردنی پێداویستییەکانی ژیانی خۆی لە سنووری چاڵدێران کاری کردووە.