بەندیخانەی نەغەدە؛ ئەمیر فەقێ نێردرایە مورەخەسی

ڕۆژی شەممە ١٨ی ڕەشەمەی ١٤٠٣، ئەمیر فەقێ، بەندکراوی سیاسیی کوردی خەڵکی گوندی "خورینج" سەر بە شاری پیرانشار بە دانانی بارمتەی سێ میلیارد تمەنی لە بەندیخانەی نەغەدەوە نێردرایە مورەخەسی.
بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، ئەم بەندکراوە بۆ ماوەی حەوت ڕۆژ مورەخەسیی پێ دراوە.
ئەمیر فەقێ سەرەتاکانی خەرمانانی ١٤٠٣ لەلایەن لقی ١٠٢ی دادگای کەیفەری ٢ی پیرانشارەوە بە سەرۆکایەتیی دادوەر "ڕەزا قەهرەمانی ساعەتلوو" بە تۆمەتی "هاوکاری لەگەڵ یەکێک لە حیزبە کوردستانییەکانی ئۆپۆزسیۆنی حکوومەتی ئێران" بە ٥ ساڵ بەندکران سزا درا. دادگاییکرانی ئەم هاووڵاتییە بە شێوەی ئانلاین و لە ماوەیەکی کورتدا بووە.
هەروەها ئەم بەندکراوە سیاسییە کە دۆسییەیەکی دیکەدا بە تۆمەتی "هەوڵدان دژی تەناهیی نەتەوەیی وڵات و هاوکاری لەگەڵ یەکێک لە حیزبە کوردستانییەکانی ئۆپۆزسیۆنی حکوومەتی ئێران" لەلایەن دادگای ئینقلابی مەهابادەوە بە ٥ ساڵ و شەش مانگ دەسبەسەرکران سزا دراوە.
سەرلەبەیانیی ڕۆژی چوارشەممە ٢ی جۆزەردانی ١٤٠٣ش، هێزە ئەمنییەتییەکان بە بێ بەڵگەی یاسایی هێرشیان کردە سەر ماڵی ئەمیر فەقێ و دەسبەسەریان کرد.
ناوبراو پاش دەسبەسەرکران بە مەبەستی لێپرسینەوە بۆ یەکێک لە گرتنگە ئەمنییەتییەکانی ورمێ ڕاگوێزرا و پاش ٢٠ ڕۆژ ڕەوانەی بەندیخانەی نەغەدە کرا.
ئەم هاووڵاتییە کوردە لە ماوەی دەسبەرکرانیدا لە دەسپێڕاگەیشتن بە پارێزەر بێبەری کرابوو.
"ئەمیر فەقێ" خێزاندارە، منداڵی هەیە و سەرپەرستی بنەماڵەیە.