بەرزڕاگرتنی ڕۆژی جیهانیی ژن لە مەریوان؛ بە دروشمی "ژن، ژیان، ئازادی" و "نا بۆ سێدارە"

ئەمڕۆ هەینی ١٧ی ڕەشەمەی ١٤٠٣، ژمارەیەک لە چالاکانی ژنان و چالاکانی مەدەنی لە مەریوان بە دروشمی "ژن، ژیان، ئازادی" و "نا بۆ سێدارە" ڕۆژی جیهانیی ژنانیان بەرز ڕاگرت.
بەپێی ئەو ڤیدیۆیانەی کە یەکەم جار لەلایەن کاناڵی "ژیانەوەی کوردستان" بڵاو کرانەوە، ژمارەیەک لە چالاکانی ژنان و چالاکانی مەدەنی لە مەریوان بە کۆبوونەوە لە یەکێک لە گۆڕەپانە گشتییەکانی ئەم شارە بە دروشمی "ژن، ژیان، ئازادی" و "نا بۆ سێدارە" ٨ی مارسیان بەرز ڕاگرت.
ئەم چالاکانە وێڕای پیرۆزبایی ڕۆژی جیهانیی ژنان بە هەموو ژنانی جیهان و بەتایبەت ژنانی ستەملێکراو؛ دەرکردنی سزای سێدارە دژی پەخشان عەزیزی و وریشە مورادییان مەحکووم کرد.
هەر لەم پێوەندییەدا ئەمڕۆ ١٧ی ڕەشەمەی ١٤٠٣، بەبۆنەی ڕۆژی جیهانیی ژن ڕێوڕەسمگەلێکی دیکە لە شارەکانی سنە و بۆکان بەڕێوە چووە.
هەر لەم پێوەندییەدا ڕۆژی ڕابردوو ژمارەیەک لە چالاکانی ژنان و چالاکانی کرێکاری لە ڕێگەی بانگکران بۆ فەراجا و پێوەندیی تلفۆنی لەلایەن وەزارەتی ئیتلاعاتەوە و بە وەرگرتنی بەڵێننامە و گوشار، هەڕەشەیان لێ کراوە کە مافی هیچ چەشنە بەشداری و بەڕێوەبردنی کۆبوونەوە و سێمینارێکیان بە بۆنەی ٨ی مارس نییە.