سەرکوتی ڕۆژی جیهانیی ژنان؛ شەش کەس لە چالاکانی کرێکاریی سنە لە پێونەدی لەگەڵ ٨ی مارسدا هەڕەشەیان لێ کرا

19:01 - 17 رەشەمه 2724

ڕۆژی پێنجشەممە ١٦ی ڕەشەمەی ١٤٠٣، کۆمەڵێک لە چالاکانی کرێکاریی سنە بە ناوەکانی تەیب چەتانی، لوتفوڵڵا ئەحمەدی، ئێقباڵ شەعبانی، خەبات دێهدار، جەماڵ ئەسەدی و پەیام فەتحی لەلایەن ئیتلاعاتی سنەوە و لە ڕێگەی پێوەندیی تلفۆنییەوە ‌هەڕەشەیان لێ کراوە کە هەر چەشنە هەوڵێک بۆ بەڕێوەبردن یان بەشداری لە کۆبوونەوەکانی ٨ی مارس بەدواداچوونی یاسایی بەدواوە دەبێت.

ئەم چالاکە کرێکارییانە پێشتریش چەندین جار لەلایەن ناوەندە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر و بانگ کراون و پێشینەی دۆسییەسازی و مەحکوومکران بە بەندکران لەلایەن ناوەندە ئەمنییەتی و دادوەرییەکانیان هەیە.

هەر لەم پێوەندییەدا ڕۆژی پێنجشەممە ١٦ی ڕەشەمەی ١٤٠٣، چەند کەس لە چالاکانی مەدەنی و ژنانی سنە لەوانە سورەیا خدری، سیمین چایچی و بەهار  زەنگی‌بەند بانگی فەراجا (فەرماندەیی ئینتیزامیی کۆماری ئیسلامیی ئێران) کران و بەڵێننامەی نووسراویان لێ وەرگیرا کە نابێ بەشداری لە هیچ چەشنە کۆبوونەوە و سێمینارێکدا بەبۆنەی ٨ی مارس، ڕۆژی جیهانیی ژنان بکەن.