مەهاباد؛ دیاکۆ خزری بە دانانی بارمتە ئازاد کرا

18:47 - 17 رەشەمه 2724

ڕۆژی پێنجشەممە ١٦ی ڕەشەمەی ١٤٠٣، دیاکۆ خزری، هاووڵاتیی کوردی خەڵکی گوندی "شیلاناوێ"ی مەهاباد و مامی شاهۆ خزری لە گیانلەدەستداوانی بزووتنەوەی ژن، ژیان، ئازادی لە مەهاباد بە دانانی بارمتەی دوو میلیارد تمەنی لە بەندیخانەی ئەم شارە ئازاد کرا.

بە وتەی سەرجاوەیەکی ئاگادار، ئەم هاووڵاتییە پاش کۆتاییهاتنی قۆناغەکانی لێپرسینەوە بۆ بەندیخانەی مەهاباد ڕاگوێزراوە و لە ماوەی دەسبەسەرکرانیدا لە دەسپێڕاگەیشتن بە پارێزەر بێبەری بووە.

ڕۆژی چوارشەممە ٢٤ی ڕێبەندانی ١٤٠٣، هێزە ئەمنییەتییەکان هێرشیان کردە سەر ماڵی دیاکۆ خزری و بە بێ بەڵگەی یاسایی دەسبەسەریان کرد.

هەتا کاتی بڵاوبوونەوەی ئەم هەواڵە، سەبارەت بە هۆکاری دەسبەسەرکران و تۆمەتە وەپاڵدراوەکان دژی ئەم هاووڵاتییە کوردە زانیارییەک لەبەر دەستدا نییە.

٥ی خەزەڵوەری ١٤٠١؛ شاهۆ خزری تەمەن ٢١ ساڵ و خەڵکی مەهاباد، لە ڕەوتی ناڕەزایەتییەکانی ئەم شارەدا لەلایەن هێزە سەرکوتکەرەکانەوە تەقەی لێ کرا و پاش گەیاندنی بە نەخۆشخانەی "خومەینی"ی مەهاباد گیانی لەدەست دا. لە بەڵگەی پزیشکی دادوەریدا هۆکاری گیانلەدەستدانی ناوبراو "بەکەوتنی شتی تیژ و سەخت" ڕاگەیەندراوە.