بۆکان؛ مینا سوڵتانی، دایکی مافخواز به ٨ مانگ زیندان و دانی سزای نەختی مەحکووم کرا

00:23 - 10 رەشەمه 2724

مینا سوڵتانی، دایکی شەهریار محەممەدی لە گیانلەدەستداوانی بزووتنەوەی ژن، ژیان، ئازادی لە بۆکان بە تۆمەتی "پڕوپاگەندە دژی نیزام" و ڕەچاونەکردنی "حیجابی شەرعی" لەلایەن لقی ١٠١ی دادگای کەیفەری ٢ی بۆکان بە ٨ مانگ زیندان و یەک میلیۆن تمەن سزای نەختی مەحکووم کرا.

میلاد محەممەدی برای شەهریار محەممەدی لە لاپەڕەی ئینیستاگرامی خۆی ڕایگەیاندووە: "ئەو حوکمە بە شێوەی زارەکیی بە دایە مینا ڕاگەیەندراوە و هەروەها کۆبوونەوەی دادگا بەبێ ئامادە بوونی پارێزەرەکەی دایه مینا بەڕێوەچووە و دایە مینا تەنانەت دەرفەتی داکۆکیی لە خۆی نەبووە".

کۆبوونەوەی دادگای پێڕاگەیشتن بە تۆمەتی ئەو دایکە مافخوازە لە ڕێکەوتی ۲۷ی ڕێبەندانی ۱٤۰۳، لە لقی ۱۰۱ی دادگای کەیفەری دووی شاری بۆکان به سەرۆکایەتیی دادوەر "مێهدی فەخری" بەڕێوەچوو بوو.

مینا سوڵتانی زارع بە هۆی مافخوازی سەبارەت بە کوژرانی کوڕەکەی شەهریار محەممەدی، چەندین جار لەلایەن ناوەندە ئەمنییەتییەکانەوە کەتووەتە ژێر گوشارەوە.

ڕۆژی چوارشەممە ٢١ی خەرمانانی ١٤٠٣، هێزە ئەمنییەتییەکان بە بێ بەڵگەی یاسایی هێرشیان کردووە سەر ماڵەکەی دایە مینا و ناوبراویان دەسبەسەر کرد.

لە کۆتاییدا ڕۆژی سێشەممە، ١٠ی ڕەزبەر ١٤٠٣، دایە مینا سوڵتانی، پاش ٢١ ڕۆژ دەسبەسەرکران و لێپرسینەوە بە دانانی بارمتە لە بەندیخانەی ورمێ ئازاد کرا.

ئەم دایکە مافخوازە لەم ماوەیەدا بە بێ مافی چاوپێکەوتن و دەسپێڕاگەیشتن بە پارێزەر تەنیا دوو جار پێوەندیی تلفۆنیی لەگەڵ کەسە نزیکەکانی هەبووە و بە مەبەستی لێپرسینەوە ڕەوانەی گرتنگەی ئیتلاعاتی ورمێ کرابوو.

پێشتر دایە مینا سوڵتانی لە ڕێگەی پێوەندیی تلفۆنیی بەردەوامەوە لەلایەن کەسانی نەناسراوەوە کەوتبووە ژێر گوشارەوە تاکوو واز لە مافخوازی بێنێت.

دایە مینا یەکێک لە دایکە مافخوازەکانە کە لەگەڵ زۆربەی دایکانی مافخواز لە سەتاسەری ئێراندا، درێژە بە مافخوازی و وڵامدەرکردنی کۆماری ئیسلامی دەدات.

ڕۆژی ٢٨ی خەزەڵوەری ١٤٠١، شەهریار محەممەدی تەمەن ٢٨ ساڵ و خەڵکی بۆکان، لە درێژەی ناڕەزایەتییەکانی ئەم شارەدا و پاش کوژرانی هاوڕێکەی بە ناوی محەممەد حەسەنزادە بە دەستی هێزە سەرکوتکەرەکان لە ٢٥ی خەزەڵوەر، لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە شناسایی کرا و دوای کەوتن. هێزە سەرکوتکەرەکانی حکوومەت بۆ کوشتنی شەهریار لە ڕۆژی ٢٧ی خەزەڵوەری ١٤٠١دا یەکێک لە شەقامەکانی بۆکان لە فەلەکەی عەلی ئاباد هەتا بێهزیستییان بەستبوو و ماشینەکەی شەهریاریان گەمارۆ دابوو و بە چەک و فیشەکی جەنگی تەقەیان لێ کردبوو و ماشینەکەیان کون کون کردبوو. هێزە سەرکوتکەرەکان پاش تەقەکردن لە شەهریار لە ترسی خەڵک و بەربڵاوبوونەوەی ناڕەزایەتییەکان دەسبەجێ شوێنی ڕووداوەکەیان بەجێ هێشتبوو و شەهریار پاش ٢٠ خولەک بانگی دایکی دەکا و بە ناڵە و هاوار داوای یارمەتی دەکات. ئەم هاووڵاتییە ٤٠ خولەک پاش ڕاگواستنی بۆ نەخۆشخانەی "قولیپوور" و سەرەڕای هەوڵەکان بۆ گەڕاندنەوەی بۆ ژیان، گیانی لەدەست دا.