بەندیخانەی ئیلام؛ چوارەمین ڕۆژی مانگرتن لە خواردنی کیانووش چراغی، بەندکراوی سیاسیی کورد بە نیشانەی ناڕەزایەتیدەربڕین بە توندوتیژی و لێدان

01:43 - 3 رەشەمه 2724

کیانووش چراغی، بەندکراوی سیاسیی کوردی خەڵکی دێهڵوڕان و لە دەسبەسەرکراوانی بزووتنەوەی ژن، ژیان، ئازادی، بە نیشانەی ناڕەزایەتیدەربڕین بە هەڵوەشانەوەی بڕیاری پێبەندی ئێلێکترۆنیکی، هێرشی هێزە ئەمنییەتییەکان بۆ سەر ماڵەکەی و دەسبەسەرکردن و نواندنی توندوتیژی بەرانبەر بەم بەندکراوە لە کاتی ڕاگواستنی بۆ بەندیخانەی ئیلام، لە چوارەمین ڕۆژی مانگرتنی خۆیدایە.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگاداری کوردپا؛ ٢٨ی ڕێبەندانی ١٤٠٣، هێزە ئەمنییەتییەکانی دێهلوڕان هێرشیان کردووەتە سەر ماڵی باوکی کیانووش و وێڕای دەسبەسەرکردنی توندوتیژانەی ناوبراو، لە کاتی ڕاگواستنی بۆ بەندیخانەی ئیلام لەلایەن ‌هێزە ئەمنییەتییەکانەوە لێی دراوە و کاکیلە و ئەژنۆیان بریندار کردووە و ددانێکیشیان شکاندووە.

سەرچاوەی ئاگاداری کوردپا دەڵێ؛ سەرەڕای ئەو خەسارەی کە بە کیانووش چراغی گەیشتووە، ناوبراو لە پێڕاگەیشتنی پزیشکی لە بەندیخانە بێبەری کراوە و تەنانەت سەرەڕای داواکاری بۆ پێڕاگەیشتنی پزیشکی لەلایەن کیانووشەوە، هیچ وڵامێکی پێ نەدراوەتەوە و دەڵێن" مەگەر کەسێک لێی داوی".

کیانووش چراغی لە درێژەی چوارەمین ڕۆژ لە مانگرتن لە خواردنی خۆیدا لە بەندیخانە لەژێر چاوەدێریی پزیشکیدایە.

کیانووش چراغی لە دووهەمین ڕۆژی مانگرتنەەکەیدا لە بەندیخانەی ئیلام لە پەیامێکی دەنگیدا دەڵێ کە بەدواداچوون بۆ هەڵوەشانەوەی نایاسایی حوکمی پێبەندە ئێلێکترۆنیکییەکەی لەلایەن پارێزەرەکەیەوە دەکات، هەروەها ئاماژە بە هێرشی هێزە ئەمنییەتییەکان بۆ سەر ماڵەکەی و لێدانی خۆی پێش ڕاگواستنی بۆ بەندیخانە دەکات لە کاتێکدا کە مۆڵەتی یاسایی بۆ خۆناساندنی بە بەندیخانە تەواو نەبووە. ناوبراو لەم پەیامەدا ئاماژە دەکات کە داواکارییەک جگە لە ئاسایش و داواکارییەکانی خەڵک ئەویش لە ڕێگەی سندووقی ئازادی دەنگدانی نییە و بۆ ئازادیی خۆی داوای لە هیچ کەسێکی سەر بە حکوومەت نەکردووە و خەڵک یەکگرتوویی خۆیان بپارێزن.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگاداری کوردپا، گۆڕینی حوکمی کیانووش چراغی بۆ پێبەندی ئێلێکترۆنیکی بە بێ لەبەرچاوگرتنی کاری وەرزێڕیی ناوبراو لە دەرەوەی شار بووە و پێبەند تەنیا نیوەیەک لە شاری دێهلۆڕانی گرتووەتەوە. بەم هۆیەوە بۆ درێژەدان بە کاری وەرزێڕی داوای مورەخەسیی سێ ڕۆژەی کردووە کە ڕەت کراوەتەوە و لە کۆتاییدا ناچار بووە داواکاریی ڕاگواستنی پێبەندەکە بە ژوورێکی بچووک بە دۆخی سەختەوە لە شوێنی کارەکەی بدا کە لە کۆتاییدا ئەوەش هەڵدەوەشێننەوە. مانگرتن لە خواردنی ناوبراوێش بە هۆی ئەم دۆخە، هێرشی هێزە ئەمنییەتیەکان بۆ سەر ماڵەکەی و نواندنی توندوتیژی بووە.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، ئەم هەوڵانە دوابەدوای هاتنەسەرکاری حوسێنپەناهی، دادستانی نوێ دێهلۆڕان ڕوویان داوە کە بە ناوەندەکانی پێبەندی ئێلێکترۆنیکیی ڕاگەیاندووە کە بە بیانوویەک حوکمی پێبەند هەڵوەشێننەوە.

٢٦ی ڕێبەندانی ١٤٠٣ کوردپا ڕایگەیاند کە لقی ٦ی دادگای پێداچوونەوەی ئیلام، بڕیاری هەڵوەشانەوەی سزای پێبەندی ئێلێکترۆنیکیی کیانووش چراغی داوە.

دادگای پێداچوونەوەی ئیلام لە ڕۆژی ٨ی ڕێبەندانی ١٤٠٣، ئەم بڕیارەی بۆ کیانووش چراغی دەر کردووە و بەپێی بەڵگەی بانگکردنێک کە ڕۆژی ٢٤ی ڕێبەندان بەم هاووڵاتییە گەیشتووە، ناوبراو ٥ ڕۆژ دەرفەتی هەیە کە مەبەستی جێبەجێکرانی بڕیارەکەی و تێپەڕاندنی درێژەی سزاکەی، خۆی بە بەندیخانە بناسێنێ.

ئەم بەندکراوە سیاسییە ڕایگەیاندبوو کە ڕەوتی هەڵوەشانەوەی بڕیاری پێبەندەکە بە "نایاسایی و نادادپەروەرانە" دەزانێت و هاوکات لەگەڵ چوونەوە بۆ بەندیخانە مان لە خواردن دەگرێت.

ماوەیەک پێش ئەم هاووڵاتییە لەژێر چاوەدێریی پێبەندی ئێلێکترۆنیکدا لە بەندیخانەی ئیلام ئازاد کرابوو.

ڕۆژی شەممە ٥ی خاکەلێوەی ١٤٠٣، کیانووش چراغی، پاش بانگکران بۆ لقی جێبەجێکاری سزاکانی ئەم شارە دەسبەسەر کرا و بە مەبەستی جێبەجێکرانی سزاکەی ڕەوانەی بەندیخانەی ئیلام کرا.

ئەم هاووڵاتییە، ڕەزبەری ١٤٠٢ لەلایەن لقی ٢ی دادگای ئینقلابی ئیلام و هەڵکەوتوو لە دێهلۆڕان بە سەرۆکایەتیی دادوەر "سەید ڕەزا سەلاحەدینی" بە تۆمەتی چالاکیی تەبلیغی دژی کۆماری ئیسلامیی ئێران"، بە یەک ساڵ بەندکرانی تەعزیری بە هەژمارکردنی ماوەی دەسبەسەرکرانی پێشوو سزا درابوو.

هەروەها لە ڕۆژی ١٥ی خەزەڵوەری ١٤٠٢دا، کیانووش چراغی بە تۆمەتی "بڵاوکردنەوەی درۆ بە مەبەستی تێکدانی بیری گشتی لە ڕێگەی سامانەی کامپیۆتری" لەلایەن لقی ١٠١ی دادگای کەیفەری ٢ی شاری دێهلۆڕانەوە بە سەرۆکایەتیی دادوەر "حوسێن پەناهی" بە دوو ساڵ بەندکرانی تەعزیری و نووسینی ٢٠٠ لاپەڕە لە بەسەرهات، ڕاسپاردە و لێکۆڵینەوە سەبارەت بە ١٠ کەس لە کوژراوانی شەڕی نێوان ئێران و عێراق بە دەستوخەتی خۆی کە لەلایەن بونیادی پاراستن و بڵاوکردنەوەی بایەخەکانی دفاعی موقەدەسی پارێزگای ئیلام پشتڕاست کرابێتەوە، سزا درا.

شەوی سێشەممە، ١١ی ڕەزبەری ١٤٠٢، هێزە ئەمنییەتییەکان بە بێ بەڵگەی یاسایی هێرشیان کردە سەر ماڵی ئەم هاووڵاتییە و بە توندوتیژییەوە ناوبراویان دەسبەسەر کرد.

ئەم هاووڵاتییە کوردە پاش کۆتاییهاتنی قۆناغەکانی لێپرسینەوەکەی بە دانانی بارمتە و بەشێوەی کاتی هەتا کۆتاییهاتنی قۆناغەکانی دادڕەسی ئازاد کرابوو.

 ئەم فەرمانبەرە پێشووەی تەئمین ئێجتماعیی دێهلۆڕان ڕۆژی چوارشەممە، ٥ی ڕەزبەری ١٤٠١یش لەلایەن هیزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر و پاش چەند ڕۆژ ئازاد کرابوو.