سوعدا خەدیرزادە پاش ٤٠ مانگ دەسبەسەرکران بە دانانی بارمتەی قورس لەگەڵ منداڵەکەی مورەخەسیی پێ درا

20:42 - 25 رێبەندان 2724

ڕۆژی سێشەممە ٢٣ی ڕێبەندانی ١٤٠٣، سوعدا خەدیرزادە و منداڵەکەی "سۆلینا" کە لە بەندیخانەدا لەدایک بووە، پاش ٤٠ مانگ دەسبەسەرکران بە دانانی بارمتەی ٢ میلیارد و ٥٠٠ هەزار تمەنی و بۆ یەکەمین جار بۆ ماوەی ٢٠ ڕۆژ مورەخەسیی پێ درا.

ناردنی سوعدا خەدیرزادە و منداڵەکەی بۆ مورەخەسی بۆ یەکەمین جار لەکاتێکدایە کە ئیتلاعاتی پیرانشار و سکاڵاکەرانی دۆسییەکەی چەندین جار تەنانەت بە بارمتەی قورسیش،  پێشیان بە ناردنی ناوبراو بۆ مورەخەسی گرتووە .

سوعدا خەدیرزادە بە هۆی گوشارەکانی ئیتلاعاتی پیرانشار و دۆخی نامرۆڤانەی خۆی و منداڵەکەی لە بەندیخانە چەندین جار مانی لە خواردن گرتووە و تەنانەت هەوڵی خۆکوژیشی داوە. لە کاتی لەدایکبوونی منداڵەکەیدا نەیتوانی کەس ببینێ و تاکوو ئێستا منداڵەکەی ناسنامەشی نییە.

پێشتر کوردپا، لە یەکەمین ساڵڕۆژی لەدایکبوونی سۆلینادا، پەرژابووە سەر دۆخی ئەم دایک و منداڵە زیندانییە سیاسییە لە زیندانی ورمێ.

لقی ٣ی دادگای کەیفەری یەکی هەڵکەوتوو لە شاری مەهاباد، سوعدا خەدیرزادەی بە ١٢ ساڵ و شەش مانگ بەندکرانی داسەپاو مەحکووم کرد و ئەم حوکمە ڕۆژی سیشەممە ١٥ی خەرمانانی ١٤٠١، بە بنەماڵەی ئەم بەندکراوە سیاسییە ڕاگەیەندرا.

یەکەمین دانیشتنی دادگای پێڕاگەیشتن بە دۆسییەی سوعدا خەدیرزادە ڕۆژی چوارشەممە ٢ی خەرمانانی ١٤٠١ بە شێوەی ئانلاین لە لقی ٣ی دادگای کەیفەری یەکی هەڵکەوتوو لە شاری مەهاباد بە بەشداریی خودی سوعدا، پارێزەرەکەی و سکاڵاکەرانی دۆسییەکەی بەڕێوە چوو.

تۆمەتی وەپاڵدراو دژی سوعدا خەدیرزادە "بەشداری لە کوشتنی یەکێک لە ئەندامانی سپا و ئەندامەتی لە یەکێک لە حیزبە کوردستانییەکنی ئۆپۆزسیۆنی حکوومەتی ئێران" بووە کە سوعدا خەدیرزادە لە کاتی بەرگری لە خۆیدا هەمووی ڕەت کردوونەتەوە.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگاداری کوردپا؛ لە ماوەی مانگەکانی ڕابردوودا دیوانی باڵای وڵات حوکمی سوعدا خەدیرزادەی بۆ شەش مانگ کەم کردبووەوە بەڵام ئیدارەی ئیتلاعاتی پیرانشار پێشی بە جێبەجێکردنی حوکمەکە گرتبوو.

هەروەها ڕۆژی ١٦ی ڕەشەمەی ١٤٠٢، دۆسییەیەکی نوێ بە تۆمەتی "هاوکاری لە کڕینی چەک" بە بڕیاری ئیلاعات بۆ سوعدا خەدیرزادە کراوەتەوە.

ڕۆژی دووشەممە ١٧ی خەزەڵوەری ١٤٠٠، ئەم هاووڵاتییە کوردە لە گرتنگەی ئیتلاعاتی سپاوە بۆ بەندیخانەی ناوەندیی ورمێ ڕاگوێزرا.

ڕۆژی پێنجشەممە ٢٢ی ڕەزبەری ١٤٠٠، هێزە ئەمنییەتییەکان ئەم هاووڵاتییەیان بە بێ بەڵگەی یاسایی دەسبەسەر کردبوو.

هاوکات لەگەڵ ١٢٠٠ ڕۆژ دەسبەسەرکرانی سوعدا خەدیرزادە و منداڵەکەی کە لە بەندیخانە لەدایک بوو؛  سارا لارکمپ، پارێزەری مافی منداڵان لە  فراکسیۆنی SPDی پارلەمانی ئاڵمان کە زیاتر لە دوو ساڵە کەفالەتی سیاسیی سوعدا و کچەکەی سۆلینای لە ئەستۆ گرتووە؛ هاودەنگ لەگەڵ ڕێکخراوی "هاوار هێڵپ" لە کاردانەوە بە درێژەکێشانی دەسبەسەرکرانی سوعدا و ژچەکەی لە بەندیخانەی ورمێ نوووسی، ئێمە هەوڵ بۆ ئازادیی ئێوە دەدەین. هیچ منداڵ و دایکێک نابێ لەم جۆرە ئازار بچێژن. وەرن با بۆ ئازادی و داهاتوویەکی باشتر لە ئێراندا خەبات بکەین.