ورمێ؛ دەرکردنی حوکمی سێدارە و بەندکران بۆ سێ کەس لە دەسبەسەرکراوانی ناڕەزایەتییەکانی ١٤٠١
![](/content/upload/1/news-kurdpa/7112.jpg)
پژمان سوڵتانی، لە دەسبەسەرکراوانی بزووتنەوەی ژن، ژیان، ئازادی بە تۆمەتی "کوشتنی بەئەنقەست" لەلایەن لقی یەکی دادگای سزاکانی تایبەت بە مێرمنداڵانی پارێزگای ورمێوە بە لەسێدارەدران سزا درا و هەروەها ڕزگار بەیگزادە بابامیری و عەلی (سۆران) قاسمی بە تۆمەتی "هاوکاریکردن لە کوشتن" بە ڕیز بە ١٥ و ١٠ ساڵ بەندکرانی داسەپاو سزا دراون. کاوە ساڵحی یەکێکی دیکە لە تۆمەتبارانی ئەم دۆسییەش لە تۆمەتە وەپاڵدراوەکانی بێتاوان ناسرا.
کۆبوونەوەی دادگای پێڕاگەیشتن بە تۆمەتەکانی ئەم چوار بەندکراوە سیاسییە لە ڕۆژی ٩ی بەفرانباری ١٤٠٣دا لە لقی یەکی دادگای سزاکانی تایبەت بە مێرمنداڵانی پارێزگای ورمێ بەڕێوە چوو و لە ڕۆژی ٢٦ی بەفرانباردا سزای دەرکراو لە بەندیخانەی ورمێدا پێیان ڕاگەیەندرا.
هەروەها دۆسییەیەکی دیکە دژی ئەم چوار بەندکراوە سیاسییە و جەوانمەرد مام خوسرەوی لە دادگای ئینقلابی ورمێ کراوەتەوە و لەگەڵ تۆمەتەکانی وەک "موحاربە"، "بەغی" "ناردنی دەرمان" و "قاچاخی ستارلینک" بەرەوڕوو بوونەتەوە.
ڕۆژی ٢٦ی خاکەلێوەی ١٤٠٢، عەلی (سۆران) قاسمی تەمەن ٢٨ ساڵ و کوڕی ناسر، پژمان سوڵتانی تەمەن ٣٢ ساڵ و کوڕی عەبدوڵلا و کاوە ساڵحی تەەمەن ٤٤٢ ساڵ و کوڕی ئەحمەد بە بێ بەڵگەی یاسایی لە ماڵەکانی خۆیاندا لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر کران و بۆ لێپرسینەوە ڕەوانەی گرتنگەی ئیتلاعاتی ورمێ کران.
ڕزگار بەیگزادە بابامیری تەمەن ٤٧ ساڵ کوڕی سەلاحەدینیش ڕۆژی ٢٨ی خاکەلێوەی ١٤٠٢ بە بێ بەڵگەی یاسایی لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر کرا.
هەروەها ڕۆژی ٦ی بانەمەڕی ١٤٠٢، جەوانمەرد مام خوسرەوی بە بێ بەڵگەی دادوەری لە بانە لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر کرا.
ئەم پێنج هاووڵاتییە کوردەی خەڵكی شاری بۆکان، ماوەی چەند مانگ لە گرتنگەی ئیتلاعاتی ورمێ بۆ وەرگرتنی دانپێدانانی زۆرەملێ لەژێر ئەشکەنجەی توندی فیزیکی و دەروونیدا بوون و پاش کۆتاییهاتنی قۆناغەکانی لێپرسینەوە ڕەوانەی بەندیخانەی ناوەندیی ورمێ کران.
ئەم کەسانە لە ماوەی دەسبەسەرکرانیاندا لە دەسپێڕاگەیشتن بە پارێزەر و چاوپێکەوتن لەگەڵ بنەماڵەکانیان بێبەری بوون.