مەریوان؛ هێزە ئەمنییەتییەکان پاش دەسبەسەرکردنی ڕامیار کاوە بە مۆبایلی ناوبراو هەڕەشە لە هاووڵاتییان دەکەن

11:38 - 2 رێبەندان 2724

ڕۆژی دووشەممە یەکی ڕێبەندانی ١٤٠٣، ڕامیار کاوە، تەمەن ٢١ ساڵ و کوڕی عەزیز و خەڵکی گوندی "نێ" سەر بە شاری مەریوان پاش بانگکران بۆ ئیتلاعاتی مەریوان دەسبەسەر کرا و تاکوو ئێستا سەبارەت بە چارەنووسی زانیارییەک لەبەر دەستدا نییە؛ هێزە ئەمنییەتییەکانیش بە مۆبایلەکەی هەڕەشە لە هاووڵاتییان دەکەن.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگاداری کوردپا؛ هێزە ئەمنییەتییەکان بە پێوەندیی تلفۆنی و ناردنی کورتەنامە بۆ هاووڵاتییان و نزیکەکانی ڕامیار کاوە لە دەرەوە هەڕەشەیان لێ کردووەن کە "بێدەنگ بن و کاریان بە خەڵک نەبێت."

ڕامیار کاوە، کاتژمێر ٩ی بەیانیی ڕۆژی یەکی ڕێبەندانی ١٤٠٣، بانگی ئیتلاعاتی مەریوان کراوە و هێزە ئەمنییەتییەکان لە پێوەندییەکی تلفۆنیدا بە بنەماڵەکەیان وتووە کە جارێ لێرە دەبێت.

بانگکردنی ڕامیار کاوە بە بێ بەڵگەی یاسایی بووە و تاکوو ئێستا سەبارەت بە هۆکاری بانکگران و شوێنی ڕاگیران و چارەنووسی ناوبراو زانیارییەک لەبەر دەستدا نییە.