مەحموود نیروومەند، چالاکی فەرهەنگیی کورد و بەندکراوی سیاسیی پێشوو بە مەبەستی جێبەجێکرانی سزای یەک ساڵ و شەش مانگ بەندکران دەسبەسەر کرا و بۆ بەندیخانەی دەرگەز ڕاگوێزرا

11:53 - 29 بەفرانبار 2724

٢٨ی بەفرانباری ١٤٠٣؛ لە ماوەی ڕۆژانی ڕابردوودا، مەحموود نیروومەند، چالاکی فەرهەنگیی کورد و بەندکراوی سیاسیی پێشوو بە مەبەستی جێبەجێکرانی سزای یەک ساڵ و شەش مانگ بەندکران، دەسبەسەر کرا و بۆ بەندیخانەی دەرگەز لە خوراسانی ڕەزەوی ڕاگوێزرا.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگاداری کوردپا؛ مەحموود نیروومەند پێشتر لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە بە هۆی چالاکییە فەرهنگییەکانی لە بواری فەرهەنگ و زمانی کوردی لە خوراسان دۆسییەسازیی بۆ کرابوو. لە کۆتاییدا لەلایەن لقی یەکی دادگای گشتی و ئینقلابی دەرگز بە سەرۆکایەتیی دادوەر "وەفایی" بە تۆمەتەکانی "پڕوپاگەندە دژی نیزام و هەوڵدان دژی تەناهیی نەتەوەیی" بە یەک ساڵ و شەش مانگ بەندکران سزا دراوە.

مەحموود نیروومەند چالاکی فەرهەنگیی کورد، ڕۆژی ٢٤ی ڕێبەندانی ١٤٠١، دوابەدوای دەرکردنی بەخشنامەی "لێبوردن و کەمکردنەوەی سزاکان" لە بەندیخانەی وەکیل ئابادی مەشهەد ئازاد کرا. ناوبراو بە ١٠ ساڵ سزا مەحکووم کرابوو کە لەلایەن دادگای پێداچوونەوە بۆ ٢ ساڵ و ٨ مانگ کەم کرابوەوە.

ڕۆژی ١٢ی ڕەزبەری ١٤٠٠، لقی یەکی دادگای ئینقلابی مەشهەد ئەم چالاکە فەرهەنگییە کوردەی بە تۆمەتەکانی "هەوڵدان دژی تەناهیی نەتەوەیی، پڕوپاگەندە دژی نیزام لە سۆشیاڵ میدیا و پێوەندی لەگەڵ گرووپە دژبەرەکانی نیزام" بە ١٠ ساڵ بەندکران مەحکووم کرد و ئەم سزایە ڕۆژی ٩ی بانەمەڕی ١٤٠١ لە دادگای پێداجوونەوەی پارێزگای خوراسانی ڕەزەویدا بۆ ٢ ساڵ و ٨ مانگ بەندکرانی داسەپاو کەم کرایەوە.

 ڕۆژی پێنجشەممە ٣ی پووشپەڕی ١٤٠٠، مەحموود نیروومەند، لە گرتنگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی مەشهەدەوە بۆ زیندانی وەکیل‌ئابادی ئەو شارە ڕاگوێزرابوو. لقی ٩٠٣ی لێپرسی دادگای ئینقلابی شاری مەشهەد بە سەرۆکایەتی لێپرس عەلی سلێمانی، "محەممەد نیروومەند"ی بە "پرۆپاگەندە دژی نیزام" و "پەیوەندی لەگەڵ گرووپەکانی دژبەری نیزام"، تۆمەتبار کردبوو.

ئەو چالاکە فەرهەنگییە ڕۆژی سێشەممە ٤ی جۆزەردانی ١٤٠٠، بەبێ بەڵگەی یاسایی لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر و بۆ لێپرسینەوە ڕەوانەی یەکێک لە گرتنگەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتی شاری مەشهەد کرابوو.

مەحموود نیروومەند خەڵکی گوندی "پلگەرد" سەر بە بەخشی "لوتفاوا"ی شاری دەرگز سەر بە پارێزگای خوراسانی ڕەزەوی و دانیشتووی شاری مەشهەدە.