سروە شیری و پەیمان شیری بە مەبەستی جێبەجێکرانی سزای بەندکرانەکەیان ڕەوانەی بەندیخانە کران
ڕۆژی دووشەممە ١٧ی بەفرانباری ١٤٠٣، دوو هاووڵاتیی کورد بە ناوەکانی "سروە شیری" تەمەن ٢٢ ساڵ و "پەیمان شیری" تەمەن ١٩ ساڵ خەڵكی گوندی "تەرەغە" سەر بە شاری بۆکان بە مەبەستی جێبەجێکرانی سزای بەندکران بۆ بەندیخانە ڕاگوێزراون.
بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، سروە شیری بە مەبەستی جێبەجێکرانی سزای بەندکرانەکەی ڕەوانەی بەندیخانەی ورمێ و پەیمان شیری بۆ بەندیخانەی بۆکان ڕاگوێزراون.
ئەم دوو هاووڵاتییە کوردە لەلایەن لقی ١٠١ی دادگای کەیفەری ٢ی بۆکانەوە سەرجەم بە ١٤ مانگ بەندکران سزا دران.
دادگا ئەم خوشک و برایەی بە "چالاکی تەبلیغی دژی نیزام بە قازانجی یەکێک لە حیزبە کوردستانییەکانی ئۆپۆزسیۆنی حکوومەتی ئێران" تۆمەتبار کردووە و بەپێی سزای دەرکراو، سروە شیری بە ٨ مانگ بەندکران و پەیمان شیری بە ٦ مانگ بەندکران سزا دراوە.
ڕۆژی چوارشەممە ٤ی ڕەزبەری ١٤٠٣، ئەم دوو هاووڵاتییە بە بێ بەڵگەی یاسایی لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر کران و بە مەبەستی لێپرسینەوە بۆ یەکێک لە گرتنگە ئەمنییەتییەکانی ورمێ ڕاگوێزران.
ئەم خوشک و برایە پاش کۆتاییهاتنی قۆناغەکانی لێپرسینەوە بە دانانی بارمتە و بە شێوەی کاتی ئازاد کران.