سێ بەندکراو لە بەندیخانەی ناوەندیی کرماشان لە سێدارە دران

11:30 - 19 بەفرانبار 2724

سەرلەبەیانیی ڕۆژی سێشەممە ١٨ی بەفرانباری ١٤٠٣، سزای لەسێدارەدانی سێ بەندکراو بە ناوەکانی "ئەشکان کازمی" خەڵکی بەشی گواوەری شاری گیەڵان، "موزەفەر شاسواری" خەڵکی کرماشان و "محەممەد شەهیدی" خەڵکی کرماشان لە بەندیخانەی دێزڵاوا جێبەجێ کرا.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، ئەم سێ بەندکراوە چوار ساڵ پێش ئێستا بە تۆمەتی "کوشتنی بەئەنقەست" دەسبەسەر کرابوون و لە دۆسییەی جیاجیادا لەلایەن دەزگای دادوەرییەوە بە لەسێدارەدران سزا درابوون.

لە نێوان ئەم سێ کەسەدا، ئەشکان کازمی، ئەندامی ئەرتەشی کۆماری ئیسلامیی ئێران بووە.

تاکوو ئێستا هەواڵی لەسێدارەدرانی ئەم سێ بەندکراوە لەلایەن ناوەندە فەرمییەکان و میدیا نێوخۆییەکانی ئێرانەوە ڕانەگەیەندراوە.