سەقز؛ جێگیربوونی هێزە نیزامییەکانی لە دەوروبەری گۆڕستانی "شاناز" هاوکات لەگەڵ پێنجەمین ساڵوەگەڕی تەقەکردنی سپا لە فڕۆکەی ئۆکراینی

22:30 - 18 بەفرانبار 2724

١٨ی بەفرانباری ١٤٠٣؛ هاوکات لەگەڵ پێنجەمین ساڵوەگەڕی تەقەی پەدافەندی ئاسمانیی سپای پاسداران لە فڕۆکەی ئۆکراینی و کوژرانی ١٣٩ هاووڵاتیی ئێرانی، هێزە نیزامییەکانی کۆماری ئیسلامی لە دەوروبەری گۆڕستانی "شاناز" جێگیر کران تاکوو پێش بە ئامادەبوونی کەسوکاری یەکێک لەو بنەماڵانەی کە لەم ڕووداوەدا گیانیان لەدەست دا و لەوێ نێژراون و هەروەها هەر چەشنە کۆبوونەوەیەکی دیکە بگرن.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگاداری کوردپا؛ هێزی نیزامیی زۆر، لەوانە ماشینی هێزە ئینتیزامییەکان و لیباس شەخسییەکان لە دەوروبەری گۆڕستانی "شاناز" و شەقام و گەڕەکەکانی دەوروبەر جێگیر کراون تا پێش بە هەر چەشنە کۆبوونەوەیەکی بنەماڵەی ئەم قوربانییانە و خەڵک بگرن.

ئەو وێنە و ڤیدیۆیانەی کە بە دەستی کوردپا گەیشتوون، جێگیربوونی بەرچاوی هێزە نیزامییەکان لە دەوروبەری گۆڕستانی "شاناز" نیشان دەدەن.

ساڵی ڕابردووش وێڕای جێگیرکران و گەمارۆدانی ئەم گۆڕستانە لەلایەن هێزە نیزامییەکانەوە، بنەماڵەی ڕەحیمی پاش ئامادەبوون لەسەر مەزاری منداڵەکانیان لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە بە شێوەیەکی بەرچاو بێڕێزییان پێ کرا.

هێزە لیباس شەخسییەکان بەم بنەماڵەیان وتبوو: "کوژراون با کوژرابێتن، مافی ئەوەتان نییە پووستێر دابنێن، مافی ئەوەتان نییە بڵیندگۆ دابنێن، جگە لە قورئان مافتان نییە هیچ شتێک بخوێنن".

"ڕزگار ڕەحیمی"، خەڵکی سەقز، هاوسەرەکەی "فەریدەغوڵامی" خەڵكی شاباد و کوڕە ٤ ساڵانەکەیان "ژیوان"، لەگەڵ کۆرپەڵەیەکی چەند مانگەی فەریدە غوڵامی، یەکێک لە بنەماڵە کوژراوەکانی فڕۆکە ئۆکراینییەکە بوون کە پێنج ساڵ پێش ئێستا لەلایەن کۆماری ئیسلامییەوە لەنێو چوو.

تەرمی "ڕزگار ڕەحیمی"، لە گۆڕستانی شانازی سەقز و هەروەها تەرمی "فەریدە غوڵامی" و کوڕە ٤ ساڵانەکەیان "ژیوان" بەو هۆیەوە کە لە کرماشان لەدایک بوون، لە گێڵانغەرب بە خاک ئەسپێردراوە.

هەروەها ئارەزوو حوسێنی، دایکی هوومەن عەبدوڵڵاهی لە گیانلەدەستداوانی بزووتنەوەی ژن، ژیان، ئازادی لە سنە بە یادی قوربانییانی فڕۆکەی ئۆکراینی و بە ئامادەبوون لەسەر مەزاری ئایدا فەرزانە و ئاروین مورەتەب، بە یادی ئەم دوو کەسە مۆمی هەڵ کرد.

ئەم دایکە مافخوازە ڤیدیۆیەکی لە ئینستاگرامەکەی خۆی بڵاو کردەوە کە تێیدا چووە سەر مەزاری دوو هاوسەری کوژراوی کوردی خەڵکی سنە لە فڕۆکەی ئۆکراینی و بە یادی هەموو قوربانییانی ئەم پەروازە، مۆمی هەڵ کرد.

دوکتور ئاروین مورەتەب، دەرچووی دوکترای زانکۆی تێکنۆلۆژیی کێبێک و ئەندازیاری باڵای کۆمپانیای ئیتۆنی کانادا، لەگەڵ هاوسەرەکەی دوکتور ئایدا فەرزانە دەرچوو و مامۆستای زانکۆی تێکنۆلۆژیی کێبێکی کانادا لە کوژراوانی پەروازی فڕۆکەی ئۆکراینی بوون.

پەروازی ژمارە ٧٥٢ی فڕۆکەی نێودەوڵەتیی ئۆکراینی، پەروازێکی موسافیربەری بوو کە لە ١٨ی بەفرانباری ١٣٩٨دا کرایە ئامانجی پەدافەندی ئاسمانیی سپای پاسداران و هەموو ١٧٦ سەرنشینەکەی کوژران کە لانیکەم ١٣٩ کەسیان هاووڵاتییانی ئێرانی بوون. چەند بنەماڵەی کورد لەوانە بنەماڵەی ڕەحیمی لە کوژراوانی ئەم ڕووداوەن. کۆماری ئیسلامی لە سەرەتدا حاشای لە تەقەکردن لەم فڕۆکە کرد . بەڵام لە کۆتاییدا و دوابەدوای ڕوونبوونەوەی بابەتەکە و دەرکەوتنی بەڵگەکان ئەمەی بە "هەڵەی مرۆیی"ی سپا ناو برد.