ئەمیر ڕەحمانی بە مەبەستی جێبەجێکرانی سزای بەندکرانەکەی بۆ بەندیخانەی شنۆ ڕاگوێزرا
ڕۆژی شەممە ١٥ی بەفرانباری ١٤٠٣، ئەمیر ڕەحمانی، هاووڵاتیی کوردی خەڵکی گەڕەکی "تاچیناوێ"ی شنۆ، بە مەبەستی جێبەجێکرانی سزای بەندکرانەکەی ڕەوانەی بەندیخانەی ئەم شارە کرا.
ئەم هاووڵاتییە پێشتر بە تۆمەتەکانی "ئەندامەتی لە یەکێک لە حیزبە کوردستانییەکانی ئۆپۆزسیۆنی حکوومەتی ئێران" و "پڕوپاگەندە دژی نیزام" لەلایەن لقی یەکی دادگای ئینقلابی شنۆوە بە سەرۆکایەتیی دادوەر "ئەنساری" بە سێ ساڵ بەندکرانی هەڵپەسێردراو، یەک ساڵ بەندکراوی داسەپاو و پێبژاردنی ٤٠ میلیۆن تمەن سزای نەختی سزا درابوو.
سزای بەندکرانی ئەم هاووڵاتییە کوردە پاش قەبووڵکردنی بڕیارەکە و بە جێبەجێکرانی بڕگەی ٤٤٢ بۆ سێ مانگ بەندکرانی داسەپاو کەم کرایەوە.
ڕۆژی دووشەممە ٢٠ی خاکەلێوەی ١٤٠٣، ئەمیر ڕەحمانی بە دانانی بارمتەی ٥٠٠ میلیۆن تمەنی و بە شێوەی کاتی لە بەندیخانەی شنۆ ئازاد کرا.
ئەمیر ڕەحمانی پاش کۆتاییهاتنی قۆناغەکانی لێپرسینەوەکەی لە یەکێک لە گرتنگە ئەمنییەتییەکانی ورمێوە بۆ بەندیخانەی شنۆ ڕاگوێزرابوو.
ڕۆژی دووشەممە ٢٨ی ڕەشەمەی ١٤٠٢، هێزە ئەمنییەتییەکان بە شکاندنی درگای ماڵەکەی و توندوتیژی ئەم هاووڵاتییەیان دەسبەسەر کردبوو.