فەرەیدوون نەبی بە مەبەستی جێبەجێکرانی سزای بەندکرانەکەی ڕەوانەی بەندیخانەی نەغەدە کرا
ڕۆژی پێنجشەممە ١٣ی بەفرانباری ١٤٠٣، لاوێکی کورد بە ناوی "فەرەیدوون نەبی"، خەڵکی پیرانشار بە مەبەستی جێبەجێکرانی سزای بەندکرانەکەی ڕەوانەی بەندیخانەی نەغەدە کرا.
ئەم هاووڵاتییە پێشتر لەلایەن لقی ٢ی دادگای ئینقلابی مەهابادەوە، بە سەرۆکایەتیی دادوەر "ئەمیر ئوجاقلوو" سەبارەت بە تۆمەتی "کۆبوونەوە و تەبانی دژی ئەمنییەتی نەتەوەیی وڵات"، بە ٤٣ مانگ زیندان، سەبارەت بە تۆمەتی "ئەندامەتی لە یەکێک لە حیزبە کوردییەکانی ئۆپۆزسیۆنی حکوومەتی ئێران" بە ٣٥ ساڵ زیندان و سەبارەت بە تۆمەتی "پڕوپاگەندە دژی نیزام" بە ٨ مانگ زیندان بە جێبەجێکرانی زۆرترین سزا مەحکووم کرابوو.
هەروەها فەرەیدوون نەبی لەلایەن لقی ١٠٢ی دادگای کەیفەری ٢ی پیرانشارەوە، بە سەرۆکایەتیی دادوەر "ڕەزا قارەمانی ساعەتلوو"، سەبارەت بە تۆمەتی "ڕاگواستنی چەکی قاچاخ و فڕێدانی کۆکتێل مۆلۆتۆفێکی دەستساز" بە ٦ مانگ زیندان و پێدانی ٢٥ میلیۆن ڕیاڵ پارە مەحکووم کرابوو.
ڕۆژی سیشەممە، ١٩ی بانەمەڕی ١٤٠٢، ئەم لاوە کوردە بە دانانی بارمتەی ٣ میلیارد تمەنی بە شێوەی کاتی لە زیندانی نەغەدە ئازاد کرا.
فەرەیدوون نەبی لە جیاتی براکەی، فەردین نەبی، لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە وەکوو بارمتە دەسبەسەر کرابوو.
ڕۆژی شەممە، ٦ی خەزەڵوەری ١٤٠١، هێزە ئەمنییەتییەکان بە بێ بەڵگەی یاسایی و بە شێوەی توندوتیژانە، هێرشیان کردە سەر ماڵی فەردین نەبی و پاش ئەوەی کە نەیانتوانی ناوبراو دەسبەسەر بکەن، برا بچووکەکەی، فەرەیدوون نەبییان دەسبەسەر کرد.
فەرەیدوون نەبی، پاش ٤٨ ڕۆژ لێپرسینەوە لە گرتنگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی ورمێوە بۆ زیندانی نەغەدە ڕاگوێزرابوو.