بانە؛ ئیدریس نادری کۆڵبەری تەمەن ٣٠ ساڵ بە هۆی سەرمابردووییەوە گیانی لەدەست دا
٨ی بەفرانباری ١٤٠٣؛ لە دوای گیرۆدەبوونی چوار کۆڵبەری کورد لە بەفر و بۆرانی بەرزاییەکانی حەوت تاش لە بانە، کۆڵبەرێکی لاو بە ناوی "ئیدریس نادری" خەڵکی گوندی "قول ئەستەر" سەر بە شاری بانە بە هۆی سەرمابردووییەوە گیانی لەدەست دا و دۆخی کۆڵبەرێکی دیکە ناجێگیر ڕاگەیەندراوە.
بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگاداری کوردپا؛ سەرلەبەیانیی ڕۆژی ٨ی بەفرانباری ١٤٠٣، ئیدریس نادری لەگەڵ سێ کۆڵبەری دیکە لە بەرزاییەکانی سنووری حەوت تاش لە سنووری بانە، گیرۆدەی بەفر و سەرما بوون کە لە ئاکامدا ئیدریس نادری گیانی لەدەست دا و دۆخی کۆڵبەرێکی دیکە ناجێگیر ڕاگەیەندراوە.
تەرمی ئەم کۆڵبەرە لاوە لەلایەن خەڵک و هێزەکانی هێلال ئەحمەرەوە ڕەوانەی نەخۆشخانەی سەلاحەدینی ئەیووبیی بانە کرا و بنەماڵەکەی لەم نەخۆشخانەیە تەرمەکەیان وەرگرتەوە.
لەلایەکی ترەوە یەکێک لەم کۆڵبەرە بریندارانە کە بە هۆی سەرمابردووییەوە لە نەخۆشخانەی سەلاحەدینی ئەیووبیی بانە لەژێر چاوەدێریدایە، خەڵکی بانەیە کە شوناسی تاکوو ئێستا بۆ کوردپا ڕوون نەبووەتەوە.