دەسبەسەرکرانی دوو هاووڵاتی لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە لە بۆکان
10:49 - 5 بەفرانبار 2724
سەرلەبەیانیی ڕۆژی سێشەممە ٤ی بەفرانبار، دوو هاووڵاتیی کورد بە ناوەکانی "هێمن بەهرامی" و "سۆران ئەرشەد" خەڵکی بۆکان، لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر کران و بۆ شوێنێکی نادیار ڕاگوێزران.
بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، هێزە ئەمنییەتییەکان بە بێ بەڵگەی یاسایی ئەم دوو هاووڵاتییەیان لە گوندی "گڵۆڵانی سەرێ" سەر بە شاری بۆکان لە ماڵەکەی خۆیاندا دەسبەسەر کردوون.
هێمن بەهرامی تەمەن ٣٦ ساڵ و سۆران ئەرشەد هەردووکیان خێزاندارن و هەرکامەیان دوو منداڵیان هەیە.
هەتا کاتی بڵاوبوونەوەی ئەم هەواڵە، سەبارەت بە هۆکاری دەسبەسەرکران و تۆمەتە وەپاڵدراوەکان دژی ئەم دوو هاووڵاتییە کوردە زانیارییەک دەست نەکەوتووە.
وێنە لە ڕاستەوە بۆ چەپ: سۆران ئەرشەد و هێمن بەهرامی