بەردەوامیی دەسبەسەرکران و ناڕوونیی چارەنووسی دۆخی ئەمیر محەممەدخانی
سەرەڕای تێپەڕبوونی ١٧ ڕۆژ لە دەسبەسەرکرانی ئەمیر محەممەدخانی، چالاکی مەدەنیی خەڵکی دیواندەرە، سەبارەت بە چارەنووسی ناوبراو زانیارییەک لەبەر دەستدا نییە.
بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، ئەم هاووڵاتییە لە کاتی دەسبەسەرکرانییەوە تاکوو ئێستا، لە دەسپێڕاگەیشتن بە پارێزەر، پێوەندیی تلفۆنی و چاوپێکەوتن لەگەڵ بنەماڵەکەی بێبەری بووە.
ئەم سەرچاوە ئاگادارە ڕایگەیاند: بنەماڵەی محەممەدخانی بە مەبەستی ئاگاداربوونەوە لە چارەنووسی ناوبراو و شوێنی ڕاگیرانی، سەردانی ناوەندە ئەمنییەتی و دادوەرییەکانیان کردووە بەڵام وڵامێکی ڕوونیان وەرنەگرتووە.
ئەم سەرچاوەیە وتی: ناڕوونیی چارەنووسی ئەم چالاکە مەدەنییە، نیگەرانیی بنەماڵە و نزیکەکانی ناوبراوی بەدواوە بووە.
ڕۆژی چوارشەممە ٧ی سەرماوەزی ١٤٠٣، ئەم چالاکە مەدەنییە لە شوێنی کارەکەی خۆیدا لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر کرا.
ئەمیر محەممەدخانی خێزاندارە و منداڵێکی هەیە.
هەتا کاتی بڵاوبوونەوەی ئەم هەواڵە، سەبارەت بە هۆکاری دەسبەسەرکران و تۆمەتە وەپاڵدراوەکان دژی ئەم هاووڵاتییە زانیارییەک دەست نەکەوتووە.
ئەم چالاکە مەدەنییە پێشتر سەبارەت بە چالاکییەکانی خۆی لە ساڵەکانی ١٣٩٧ و ١٣٩٨، پێشینەی دەسبەسەرکران و سزادرانی هەبووە.