بەندیخانەی نەغەدە؛ ئەیووب دەماوەندی بە بەندکران سزا درا

04:39 - 20 سەرماوەز 2724

ئەیووب دەماوەندی، هاووڵاتیی خەڵکی پیرانشار لەلایەن لقی یەکی دادگای ئینقلابی مەهابادەوە بە سەرۆکایەتیی دادوەر "دووستی" بە پێنج ساڵ و ١٥ ڕۆژ بەندکرانی داسەپاو سزا درا.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، دادگا ئەم هاووڵاتییەی بە "سیخوڕی بۆ ئیسرائیل" تۆمەتبار کردووە.

ئەم سەرچاوە ئاگادارە ڕایگەیاند: ئەیووب دەماوەندی سەبارەت بە سزای دەرکراو لەلایەن دادگای ئینقلابی مەهاباد، ناڕەزایەتیی دەربڕیوە.

ئەیووب دەماوەندی ڕۆژی ١١ی گەلاوێژی ١٤٠٣، بە بێ بەڵگەی یاسایی و بە هێرشی هێزە ئەمنییەتییەکانی سپا بۆ سەر ماڵەکەی دەسبەسەر کرا و پاش یەک مانگ لێپرسینەوە لە گرتنگەی ئیتلاعاتی ورمێوە بۆ بەندیخانەی نەغەدە ڕاگوێزرا.

ئەم هاووڵاتییە لە ماوەی دەسبەسەرکرانیدا لە دەسپێڕاگەیشتن بە پارێزەر و چاوپێکەوتن لەگەڵ بنەماڵەکەی بێبەری بووە.

ئەیووب دەماوەندی، کوڕی عەبدوڵڵا، خەڵکی گوندی "دێلزێ" سەر بە شاری پیرانشارە.