فەرەیدوون سوڵتانی بە دانانی بارمتە و بە شێوەی کاتی ئازاد کرا و چوونەدەرەوە لە تیکابی لێ قەدەغە کرا
ڕۆژی چوارشەممە ١٤ی سەرماوەزی ١٤٠٣، فەرەیدوون سوڵتانی، هاووڵاتیی کوردی دەسبەسەرکراوی خەڵکی تیکاب پاش ١٢ ڕۆژ دەسبەسەرکران، بە بارمتەی و بەڵگەی هەقدەست بە شێوەی کاتی ئازاد و چوونەدەرەوە لە تیکابی لێ قەدەغە کرا.
بە وتەی حوسێن شێرزاد، چالاکی سیاسیی خەڵکی تیکاب، فەرەیدوون سوڵتانی بە بارمتەی ٤٠٠ میلیۆن تمەنی و بەڵگەی هەقدەست بە شێوەی کاتی ئازاد کراوە. لەلایەکی دیکەوە فەرەیدوون سوڵتانی چوونەدەرەوە لە تیکابی لێ قەدەغە کراوە و مۆبایل و ماشینەکەی لە جۆری پراید، بە بێ بەڵگەی یاسایی ڕاگیراون و تاکوو ئێستا پێێ نەدراونەتەوە.
ڕۆژی یەکشەممە ٤ی سەرماوەزی ١٤٠٣، فەرەیدوون سوڵتانی، هاووڵاتیی دەسبەسەرکراوی خەڵکی تیکاب پاش دوو ڕۆژ دەسبەسەرکران لە گرنگەی ئیتلاعاتی تیکاب، بڕیاری دەسبەسەرکرانەکەی بۆ ماوەی یەک مانگی دیکە درێژ کرایەوە و ڕەوانەی گرتنگەی ئیتلاعاتی ورمێ کرا. پاش ئامادەبوونی فەرەیدوون سوڵتانی لە دادسەرا، داواکارییەکەی بۆ وەرگرتنی ئازادیی کاتی بە بارمتە ڕەت کرایەوە و دواتر بە مەبەستی لێپرسینەوە بۆ گرتنگەی ئیتلاعاتی ورمێ ڕاگوێزرا.
ڕۆژی هەینی ٢ی سەرماوەزی ١٤٠٣، فەرەیدوون سوڵتانی، بە بێ بەڵگەی یاسایی لەلایەن هێزەکانی وەزارەتی ئیتلاعاتەوە دەسبەسەر کرا و بۆ شوێنێکی نادیار ڕاگوێزرا.
هێزە ئەمنییەتییەکان لە کاتی دەسبەسەرکردنی ناوبراودا، دەستیان بەسەر مۆبایل و ماشینەکەیدا گرتووە.
پێشتر فەرەیدوون سوڵتانی بە تۆمارکردنی ڤیدیۆیەک کە نموونەیەکی گەیشتووەتە دەستی کوردپا دەڵێ؛ لە ماوەی حەفتەکانی ڕابردوودا دوو جار بانگی وەزارەتی ئیتلاعات کراوە و لە ئەگەری ونبوون و ناڕوونیی چارەنووسیدا، ئەوە لەلایەن ناوەندە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر کراوە.
تاکوو ئێستا سەبارەت بە هۆکاری دەسبەسەرکران و تۆمەتە وەپاڵدراوەکان دژی ئەم هاووڵاتییە زانیارییەک لەبەر دەستدا نییە.
فەرەیدوون سوڵتانی، هاووڵاتیی کوردی خەڵکی تیکاب و دانیشتووی تارانە. ناوبراو خێزاندارە و منداڵێکی هەیە.