ڕاگواستنی فەرەیدوون سوڵتانی بۆ گرتنگەی ئیتلاعاتی ورمێ و درێژکردنەوەی بڕیاری دەسبەسەرکرانی بۆ ماوەی مانگێکی دیکە
ڕۆژی یەکشەممە ٤ی سەرماوەزی ١٤٠٣، فەرەیدوون سوڵتانی، هاووڵاتیی کوردی دەسبەسەرکراوی خەڵکی تیکاب پاش دوو ڕۆژ دەسبەسەرکران لە گرتنگەی ئیتلاعاتی تیکاب، بڕیاری دەسبەسەرکرانەکەی بۆ مانگێکی دیکە درێژ کرایەوە و بۆ گرتنگەی ئیتلاعاتی ورمێ ڕاگوێزرا.
بە وتەی حوسێن شێرزاد، چالاکی سیاسیی خەڵکی تیکاب، ڕۆژی یەکشەممە فەرەیدوون سوڵتانی لە دادسەرادا ئامادە بووە و داواکارییەکەی بۆ ئازادیی کاتی بە دانانی بارمتە ڕەت کراوەتەوە. لە درێژەدا ئەم هاووڵاتییە کوردە بە مەبەستی درێژەدان بە لێپرسینەوە بۆ گرتنگەی ئیتلاعاتی ورمێ ڕاگوێزراوە.
ڕۆژی هەینی ٢ی سەرماوەزی ١٤٠٣، فەرەیدوون سوڵتانی، هاووڵاتیی کوردی خەڵکی تیکاب بە ێ بەڵگەی یاسایی لەلایەن هیزەکانی وەزارەتی ئیتلاعاتەوە لە تیکاب دەسبەسەر کرا و بۆ شوێنێکی نادیار ڕاگوێزرا.
هێزە ئەمنییەتییەکان لە کاتی دەسبەسەرکردنیدا دەستیان بەسەر مۆبایل و ماشینەکەیدا گرتووە.
پێشتر فەرەیدوون سوڵتانی بە تۆمارکردنی ڤیدیۆیەک کە نموونەیەکی گەیشتووەتە دەستی کوردپا دەڵێ؛ لە ماوەی حەفتەکانی ڕابردوودا دوو جار بانگی وەزارەتی ئیتلاعات کراوە و لە ئەگەری ونبوون و ناڕوونیی چارەنووسیدا، ئەوە لەلایەن ناوەندە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر کراوە.
تاکوو ئێستا سەبارەت بە هۆکاری دەسبەسەرکران و تۆمەتە وەپاڵدراوەکان دژی ئەم هاووڵاتییە زانیارییەک لەبەر دەستدا نییە.
فەرەیدوون سوڵتانی، هاووڵاتیی کوردی خەڵکی تیکاب و دانیشتووی تارانە. ناوبراو خێزاندارە و منداڵێکی هەیە.