ڕەزا ڕەمەزانزادە، هاووڵاتیی کورد بە مەبەستی جێبەجێکرانی سزای بەندکران دەسبەسەر کرا و بۆ بەندیخانەی تارانی گەورە ڕاگوێزرا
ڕۆژی چوارشەممە ٣٠ی خەزەڵوەری ١٤٠٣، ڕەزا ڕەمەزانزادە، چالاکی مەدەنی و سیاسی و لە دەسبەسەرکراوانی بزووتنەوەی ژن، ژیان، ئازادی بە مەبەستی جێبەجێکرانی سزای بەندکرانەکەی بۆ ماوەی دوو ساڵ و شەش مانگ، دەسبەسەر و ڕەوانەی بەندیخانەی تارانی گەورە کرا.
بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگاداری کوردپا، ڕەزا ڕەمەزانزادە لە بەردەم ماڵەکەی خۆی لە تاران دەسبەسەر کراوە و بۆ بەندیخانەی تارانی گەورە ڕاگوێزراوە.
سزای دوو ساڵ و شەش مانگ دەسبەسەرکرانی ناوبراو، پێوەندیی بە دوو دۆسییەوە هەیە.
پێویستە بوترێ کە ڕەزا ڕەمەزانزادە بە هۆی مانگرتن لە بەندیخانە، تووشی کێشەی هەرسکردن و گەدە بووە.
ڕەزا ڕەمەزانزادە لە بزووتنەوەی ژن، ژیان، ئازادیدا لە ڕۆژی ١٧ی ڕەزبەری ١٤٠١ لە تاران دەسبەسەر کرابوو. ناوبراو دواتر لەلایەن لقی ٢٨ی دادگای ئینقلابی تارانەوە بە هۆی "هاوکاری لەگەڵ میدیا دژبەرەکان" بە یەک ساڵ و شەش مانگ بەندکران سزا درا.
ناوبراو هەروەها لە ڕۆژی ٢٩ی خاکەلێوەی ١٤٠٣دا لەلایەن لقی ٢٤ی دادگای ئینقلابی تارانەوە بە سەرۆکایەتیی دادوەر ڕادمەند، بۆ تۆمەتی "بڵاوکردنەوەی شتی ناڕاست" بە یەک ساڵ بەندکران سزا درا. دواتر ئەم سزایە لەلایەن لقی ٣٦ی دادگای پێداچوونەوەی پارێزگای تارانەوە وەک خۆی پشتڕاست کرایەوە.
ئەم چالاکە مەدەنییە پێشتر بە هۆی بەشداری لە خۆپیشاندانە سەرتاسەرییەکانی خەزەڵوەری ٩٨ دەسبەسەر و بە تۆمەتی "هەواڵدان دژی تەناهیی نەتەوەیی" بە دوو ساڵ و شەش مانگ بەندکران سزا درابوو.
ڕەزا ڕەمەزانزادە پێشینەی چەندین جار دەسبەسەرکرانی لە ساڵەکانی ١٣٩٢، ١٣٩٨، ١٤٠١، ١٤٠٢ و ١٤٠٣ ی هەیە. ناوبراو لە ساڵانی ڕابردوودا بە هۆی بەمیدیاییکردنی کێشەی بەندکراوان و بەندیخانەکانی تارانی گەورە و وەکیل ئابادی مەشهەد دەسبەسەر و سزای یاسایی دراوە.
ڕەزا ڕەمەزانزادە لە کوردەکانی خوراسانە کە لە تاران نیشتەجێیە.