بەندیخانەی نەغەدە؛ حوسێن مەحموودپوور نێردرایە مورەخەسی
ڕۆژی دووشەممە ٢١ی خەزەڵوەری ١٤٠٣، حوسێن مەحموودپوور، بەندکراوی سیاسیی کوردی خەڵکی گوندی "گەرگولی خوارێ" سەر بە شاری پیرانشار لە بەندیخانەی نەغەدەوە نێردرایە مورەخەسی.
بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، ئەم بەندکراوە سیاسییە بۆ ماوەی پێنج ڕۆژ مورەخەسیی پێ دراوە.
ئەم هاووڵاتییە ڕۆژی دووشەممە ١٧ی بانەمەڕی ١٤٠٣، بە مەبەستی جێبەجێکرانی سزای بەندکرانەکەی دەسبەسەر و ڕەوانەی بەبدیخانەی نەغەدە کرا.
ئەم هاووڵاتییە لەلایەن دادگای ئینقلابی مەهابادەوە بە تۆمەتی "ئەندامەتی و هاوکاری لەگەڵ یەکێک لە حیزبە کوردستانییەکانی ئۆپۆزسیۆنی حکوومەتی ئێران" بە ١٨ مانگ بەندکران سزا دراوە کە ئەم سزایە بەپێی ماددەی ٤٤٢ بۆ ١٥ مانگ بەندکران کەم کراوەتەوە.
ڕۆژی دووشەممە ٢٠ی سەرماوەزی ١٤٠٣، ئەم هاووڵاتییە کوردە بە بارمتەی دوو میلیارد تمەنی و بە شێوەی کاتی لە بەندیخانەی نەغەدە ئازاد کرا.
حوسین مەحموودپوور لە ماوەی دەسبەسەرکرانیدا ١٠ ڕۆژ لە گرتنگەی ئیتلاعاتی پیرانشار و ٢٥ ڕۆژ لە گرتنگەی ئیتلاعاتی ورمێ لێپرسینەوەی لێ کراوە و پاش کۆتاییهاتنی لێپرسینەوەکەی، بۆ بەندیخانەی نەغەدە ڕاگوێزراوە.
سەرلەبەیانیی ڕۆژی سێشەممە ٢٤ی گەلاوێژی ١٤٠٢، هێزە ئەمنییەتییەکان بە بێ بەڵگەی یاسایی هێرشیان کردە سەر ماڵی ئەم هاووڵاتییە و دەسبەسەریان کرد.
حوسێن مەحموودپوور لەدایکبووی ٣ی پووشپەڕی ١٣٥١ە.