سنە؛ بڕیاری دەسبەسەرکرانی فەردین شەیخولئیسلامی وەتەنی درێژ کرایەوە
بڕیاری دەسبەسەرکرانی فەردین (ئاکۆ) شەیخولئیسلامی وەتەنی، خەڵکی سنە لەلایەن لێپرسی دادسەرای گشتی و ئینقلابی ئەم شارەوە بۆ ماوەی یەک مانگی دیکە درێژ کرایەوە.
ئەم هاووڵاتییە کوردە تەمەن ٤٠ ساڵە لە ڕۆژی ١١ی ڕەزبەری ١٤٠٣دا پاش پشکنینی ماڵەکەی لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە لەگەڵ "فەریبا مورادیان"ی هاوسەری دەسبەسەر کران و بە مەبەستی لێپرسینەوە ڕەوانەی یەکێک لە گرتنگە ئەمنییەتییەکانی سنە کرابوون.
فەریبا مورادیان پاش دوو ڕۆژ لێپرسینەوە بە دانانی بارمتە ئازاد کراوە و فەردین شەیخولئیسلامی وەتەنی تاکوو ئێستا لە پێوەندی تلفۆنی و چاوپێکەوتن لەگەڵ بنەماڵەکەی و دەسپێڕاگەیشتن بە پارێزەر بێبەری بووە.
فەردین شەیخولئیسلامی وەتەنی ساڵی ١٣٩٧ بە هۆی چالاکیی ژینگەپارێزییەوە لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر و دواتر بە دانانی بارمتە ئازاد کرابوو.
تاکوو ئێستا سەبارەت بە هۆکاری دەسبەسەرکران و تۆمەتە وەپاڵدراوەکان دژی ئەم هاووڵاتییە و شوێنی ڕاگیرانی، زانیارییەکی ورد لەبەر دەستدا نییە.