مەهاباد؛ گێڕانەوەیەک لە پێکرانی ئارمان جەوادیان، ناڕازی و یارمەتیدەری بزووتنەوەی ژن، ژیان، ئازادی بە دەیان فیشەکی ساچمەیی

18:44 - 8 خەزەڵوەر 2724

خەزەڵوەری ١٤٠١؛ ئارمان جەوادیان، ناڕازی و یارمەتیدەری خەڵکی مەهاباد کە لە ناڕەزایەتییە خەڵکییەکانی ئەم شارەدا، لەگەڵ چەند کەسی دیکە ئەرکی خۆڕێکخستنی بە مەبەستی یارمەتیدانی برینداران لە ئەستۆ گرتبوو، لەلایەن هێزە سەرکوتکەرەکانەوە کرایە ئامانجی دەیان فیشەکی ساچمەیی و بەسەختی بریندار بوو.

ئارمان جەوادیان هاوکات لەگەڵ ئەوەی کە بە هۆی بەرکەوتنی فیشەکە ساچمەییەکانەوە بە سەختی بریندار بووە و هێشتا بەشێکیان لە جەستەیدا ماونەتەوە، لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەناسرێتەوە و دوای دەکەون. ناوبراو چەند مانگ بە جەستەیەکی بریندارەوە بە شێوەی نهێنی دەژیت، بەڵام لە کۆتاییدا بە هۆی دۆسییەسازیی ناوەندە ئەمنییەتییەکانەوە ناچار دەبێ ئێران بەجێ بهێڵێ.

کوردپا کە بەشێوەی تایبەت چۆنیەتیی برینداربوون و کوژرانی ناڕازییانی بزووتنەوەی ژن، ژیان، ئازادی دەگێڕێتەوە، ئەمجارە لە وتووێژ لەگەڵ "ئارمان(عەلی) جەوادیان" هاووڵاتیی تەمەن ٣٠ ساڵی خەڵکی مەهاباد، باس لە شێوازی برینداربوونی ناوبراو لە ناڕەزایەتییە خەڵکییەکانی مەهاباددا دەکات.

بەشداری لە ناڕەزایەتییە خەڵکییەکانی مەهاباد و یارمەتیدانی سەدان بریندار و بنەماڵەی دەسبەسەرکراوان؛

ئارمان جەوادیان سەبارەت بە چۆنیەتیی بەشداریی خۆی لە ناڕەزایەتییەکاندا بە کوردپا دەڵێ؛ لەگەڵ دەسپێکردنی بزووتنەوەی ژن، ژیان، ئازادی دوابەدوای قەتڵی حکوومەتیی ژینا ئەمینی لە خەرمانانی ١٤٠١، شێوەی بەشداریی من لەم بزووتنەوەیە بەم شێوە بوو کە پاڵپشتیی دارایی بنەماڵەی دەسبەسەرکراوانم دەکرد یا بە مەبەستی چارەسەری پزیشکیی بریندارەکان، پێداویستیی پزیشکیم بۆ ڕادەگواستن. ئێمە گرووپێک بووین کە بەشێوەی خۆبەخشانە بۆ یارمەتیدانی بنەماڵەی دەسبەسەرکراوان پارەمان کۆ دەکردەوە یان لە ڕێگەی هاوڕێیانێکەوە لە دەرمانخانە و نەخۆشخانەکان دەرمانمان کۆ ئەکردەوە و ڕادەستی بریندارەکانمان ئەکرد.

ئەتوانم بڵێم لە هەر شەوێکی ناڕەزایەتییەکاندا، زیاتر لە ٧٠ کەس، پشت، لاق، سک و چاویان بریندار دەبوو کە زۆربەیان لە ڕێگەی تاپڕ یان گازی فرمێسکڕێژەوە بوو. بۆ هێزە سەرکوتکەرەکان جیاوازییەکی نەبوو تەقە لە کام بەشی جەستە بکەن، ئەگەر لە بەرانبەریان بای، لە پێشەوە و ئەگەر هەڵاتبای لە پشتەوە تەقەیان لێ دەکردی.

ڕۆژی ٤ی خەزەڵوەری ١٤٠١ گەیشت کە هاوکات بوو لەگەڵ ڕێوڕەسمی چلەی ژینا ئەمینی و گەیشتنە لووتکەی ناڕەزایەتییەکان لە شارەکانی کوردستان. لەم شەوەدا سمکۆ مەولوودی بە تەقەی هێزە سەرکوتکەرەکان گیانی لەدەست دابوو. (ناوبراو یەکەمین شەهیدی ناڕەزایەتییەکانی مەهاباد بوو) ڕێژەی بریندارەکان زۆر بوو و ئێمە سەرقاڵی پێڕاگەیشتن و چارەسەرکردنی برینی بریندارەکان بووین. کاتێ بۆ ڕۆژی دواتر، ڕێوڕەسمی بەخاکسپاردنی سمکۆ مەولوودی بەڕێوە چوو، خەڵکیكی زۆر هاتنە سەر شەقامەکان و دۆخەکە ئاڵۆزتر بوو.

ئێمە لە یارمەتیدانی خەڵک بەردەوام بووین تا ئەوەی کە لە شەوی ٥ی خەزەڵوەردا پێوەندییەکیان لەگەڵ گرتم و پێیان وتم کە چەند کەسی نەناسراو لە بەردەم ماڵەکەم هەواڵیان پرسیوم. ئەوان نەناسراو و گوماناوی هاتبوونە بەر چاو، بەم هۆیەوە ڕایانسپاردم کە نەگەڕێمەوە بۆ ماڵەوە. من هەتا ٦ی خەزەڵوەر لە مەهاباد مامەوە و پاشنیوەڕۆی ئەو ڕۆژە چوومە سەقز، لەوێ چەند هاوڕێ و ناسیاوم هەبوون کە پێکەوە چالاکیی مەدەنیمان دەکرد.

ڕۆژی ٧ی خەزەڵوەر، لەگەڵ هاوڕێکانم بە مەبستی یارمەتیدانی خەڵک چووینە نێو شەقامەکان. بەڵام لەگەڵ تاریکبوونی هەوا، کرامە ئامانجی دەیان فیشەکی ساچمەیی هێزە سەرکوتکەرەکان.

کرانە ئامانجی ئارمان جەوادیان بە دەیان فیشەکی ساچمەیی لە یەکێک لە کۆڵانەکانی شاری سەقز و مانەوەی لە ماڵی ڕێبوارێکدا؛

ئارمان جەودایان سەبارەت بە شێوە برینداربوونی خۆی دەڵێ؛ هەوا تاریک ببوو کە لەناکاو هێزە سەرکوتکەرەکان هێرشیان کردە سەرمان و ناچار بووین هەڵێین.

چونکە ژینگەی شاری سەقزم نەدەناسی، بە شێوەی نەخوازراو لە هاوڕێکانم جودا بوومەوە و ونم کردن. کاتێ هەستم کرد هێزە سەرکوتکەرەکان لە دوامەوە نین، ڕاوەستام تاکوو ماندوویەتی دەر کەم، لەو کاتەدا لە کۆڵانێکەوە چەند کەس لە هێزە سەرکوتکەرەکان بە بێ هیچ هۆشداریدانێک بە چەکی ساچمەیی تەقەیان لە بەشی سەرەوە و لای چەپی جەستەم کرد. ئامانجیان دەسبەسەرکردنم نەبوو؛ چونکە ئەگەر ویستبایان بە ئاسانی دەیانتوانی دەسبەسەرم بکەن یا لانیکەم تەقەیان لە لاقەکانم دەکرد. ئەوان بە مەبەستی کوشتن تەقەیان لێ کردم.

هاوکات لەگەڵ خوێنڕێژیی زۆر و خراپبوونی دۆخم بە یارمەتی خوا و بە هۆی ئەو ڕاهێنانە وەرزشییانەوە کە پێشتر کردبووم و ئامادەیی جەستەییەوە، توانیم هەڵێم و ونیان بکەم. لە کۆتاییدا گەیشتمە کۆڵانێک، جێگایەک کە هەر نەمدەزانی لە کوێم. ڕێبوارێک بە ناوی "نیما شوجاعی" کە ئەویش لە ناڕەزایەتییەکان ئەهاتەوە، دەستی گرتم و من بردە ماڵەکەی خۆیان. (نیما لە ناڕەزایەتیەکاندا دەسبەسەر کرا و لەژێر توندترین ئەشکەنجەکاندا بوو. ناوبراو پاش ئازادیی کاتی لە وڵات چووە دەرەوە و توانیم جارێکی دیکە لە هەرێمی کوردستان بیبینمەوە.)

هەتا ١٩ی خەزەڵوەری ١٤٠١، لە ماڵی نیما شوجاعی ئەو پیاوە بەشەرەفەدا مامەوە. دۆخی جەستەییم تا ئاستێک خراپ بوو کە زۆربەی کاتەکان ئەبوورامەوە و تەنیا بە لێدانی زلـلە لە دەموچاوم دەهاتمەوە هۆش. تا جێگایەک کە کرا ساچمەکانیان لە جەستەم دەرهێنابوون. لەلایەکی ترەوە هەستم دەکرد لەلایەن هێزە حکوومەتییەکانەوە ناسراومەتەوە و ناتوانم بگەڕێمەوە بۆ ماڵی خۆم. دوای لێکۆڵینەوە و لێکدانەوە زانیم کە کەسێک بە دوامەوە نییە، کەوابوو بە هەر جۆرێک بوو گەڕامەوە بۆ مەهاباد.

گەڕانەوە بۆ مەهاباد و دەسپێکردنەوەی یارمەتیگەیاندن بە برینداران؛

ئەم ناڕازییە لاوە سەبارەت بە گەڕانەوەی خۆی بۆ مەهاباد و دەسپێکردنەوەی یارمەتییەکانی بۆ برینداران دەڵێ؛ دۆخم باشتر ببوو و دەمتوانی ڕێگا بکەم، بەڵام هێستا پشتم ئازاری هەبوو. هاوڕێکانم دووبارە داوای یارمەتییان لێ کردم و منیش نەمتوانی بێکار دانیشم و دیسانەوە یارمەتییەکانم دەست پێ کردنەوە.

بەڵام ئاگام لێ نەبوو کە لەژێر چاوەدێریی هێزە ئەمنییەتییەکاندام. لە ٢٥ی خەزەڵوەری ١٤٠١دا، بە بێ ئاگاداربوون لە کەمینێک کە لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە بۆ ئێمەیان دانابووەوە، لەگەڵ هاوڕییەک بە ناوی "ڕەسووڵ شەمێ" چووینە شوێنێک کە بڕیار بوو کەرەستەکانی فریاکەوتنی وەربگرین. (ڕەسووڵیش نزیکەی ١٧ مانگە کە ناچار بە هەڵاتن لە ئێران و هاتن بۆ هەرێمی کوردستان بووە.) توانیمان لەو کەمینە دەرباز بین، بەڵام ماشین و هەموو کەلوپەلەکانمان بەجێ هێشت و بە ڕێگا ڕۆیشتن لە لای "تەوانیر و مەحموودکان" چووینە شوێنێکی پارێزراو. پاشان دڵنیا بوومەوە کە ناسراومەتەوە و ناچار بووم خۆم بشارمەوە.

ژیانی نهێنی لە گوندەکانی کوردستان بە دۆخی نالەباری جەستەیی و دەروونی، هاوکات گوشاری ناوەندە ئەمنییەتییەکان بۆ سەر بنەماڵە؛

ئارمان جەوادیان لەمبارەوە دەڵێ؛ چەند مانگم بە دۆخێکی جەستەیی و دەروونیی زۆر خراپ، لە تەنیایی و بێکەسیدا لە گوندەکانی کوردستانی ئێران تێپەڕاند و خۆم شاردەوە. لە کۆتاییدا کاتێ زانیم هیچ ڕێگایەکم جیا لە بەجێهیشتنی وەتەن نییە بە سەختییەکی زۆرەوە سنوورم تێپەڕاند و خۆم گەیاندە هەرێمی کوردستان.

لەم ماوەیەدا چەندین جار ناوەندە ئەمنییەتییەکان هەواڵیان پرسیبووم. کاتێ بنەماڵەکەم بەدواداچوونیان کردبوو پێیان وتبوون کە دەبێ خۆم ڕادەستی ناوندە ئەمنییەتییەکان بکەم و هاوکارییان بکەم.

نیشتەجێبوون لە هەرێمی کوردستان لەگەڵ ئازار، گوشارە ئەمنییەتییەکان و دۆسییەسازیی ناوەندە ئەمنییەتییەکان؛

لەم ماوەیەدا کە لە هەرێمی کوردستان نیشتەجێم لە باری جەستەیی و دەروونییەوە دۆخێکی دژوارم هەیە. زۆر شەوان هەتا بەیانی بە هۆی ئازاری پشت، لای چەپی جەستەم و ملم خەوم لێ ناکەوێ، چونکە هێشتا ڕێژەیەکی زۆر لە ساچمەکان لە لەشمدا ماونەتەوە و ماوەیەکی زۆرە کە تەنانەت بۆ یەک خولەکیش نەمتوانیوە لەسەر لای چەپم بخەوم، چونکە هەست دەکەم بە چەقۆ لە دڵم دەدەن و ئازارێکی زۆری هەیە.

لەلایەکی ترەوە، لە هەرێمی کوردستان بە شێوەی نهێنی دەژیم چونکە زۆربەی کاتەکان لە ڕێگەی پەیجی ساختە و فەیکی ئینستاگرامەوە هەڕەشەم لێ دەکرێت. ناوەندە ئەمنییەتییەکانیش لە ڕێگەی پێوەندیی بەردەوامەوە گوشاریان خستووەتە سەر بنەماڵەکەم. هەروەها لەلایەن دادگوستەریی پارێزگاری ورمێوە بە فەرمی بانگ کراوم.

بەپێی ئاخرین بەڵگەی بانگکرانەکە لەلایەن لقی ٣ی لێپرسینەوەی دادسەرای گشتی و ئینقلابی شاری مەهابادەوە کە ڕۆژی ٢٣ی گەلاوێژی ١٤٠٣ دەر کراوە، عەلی جەوادیان دەرفەتی هەیە کە هەتا پێنج ڕۆژ لە دادسەرادا ئامادە بێت و ئەگەر ئەم کارە بکات دەسبەسەر دەکرێت. ئەو کەسەی ئەم بەڵگەی دەرکردووە کەسێکە بە ناوی "یاسر گوزەلی" لە لێپرسی ئەو لقەیە.

ئارمان جەوادیان؛

ئارمان (عەلی) جەوادیان، لەدایکبووی ١٦ی خاکەلێوەی ١٣٧٣ لە مەهابادە. ناوبراو کوڕی فاتمە/کوردستان و لوقمانە.

ئارمان ئۆگری وەرزشە. پەیجی ئینستاگرامەکەی زیاتر لە ٥٣ هەزار شوێنکەوتووی هەیە و ناوبراو پێش لە بەشداری لە ناڕەزایەتییەکاندا خەریکی چالاکیی خێرخوازانە و مرۆڤدۆستانە بووە.