جەسیم حاسڵی، وەرزشوانی کورد ٢ مانگ و ٢٠ ڕۆژە لە ئیتلاعاتی سپای سنە دەسبەسەرە
٣٠ی ڕەزبەری ١٤٠٣؛ جەسیم حاسڵی، وەرزشوان و قارەمانی وەرزشی مووی تای و کیک بۆکسینگی خەڵکی مەریوان، ماوەی ٢ مانگ و ٢٠ ڕۆژە لە یەکێک لە گرتنگەکانی ئیتلاعاتی سپای سنە دەسبەسەرە.
بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگاداری کوردپا؛ ئەم وەرزشوانە کوردە ماوەی ٢ مانگ و ٢٠ ڕۆژە بە بێ مافی دەسپێڕاگەیشتن بە پارێزەر دەسبەسەر کراوە و لەلایەن ئیتلاعاتی سپای سنەوە لێپرسینەوەی لێ دەکرێت و هێزە ئەمنییەتییەکانیش لە دانەوەی وڵامی ڕوون سەبارەت بە چارەنووس و شوێنی ڕاگرتنی ناوبراو، خۆیان دەبوێرن.
جەسیم حاسڵی پێشتر لە ڕێکەوتی ٧ی پووشپەڕی ١٤٠٣ پاش بانگکران بۆ ستادی خەبەریی ئیتلاعاتی سپای پاسدارانی مەریوان بۆ چەند کاتژمێر لێپرسینەوەی لێ کرابوو و ئەشەکنجە درابوو و دواتر ئازاد کرابوو.
نێوەڕاستەکانی مانگی پووشپەڕی ١٤٠٣، هەواڵگەلێک سەبارەت بە دەسبەسەرکرانی جەسیم حاسڵی بڵاو کرانەوە کە سەرچاوەی ئاگاداری کوردپا ئەو هەواڵانە پشتڕاشت ناکاتەوە و دەڵێ ناوبراو لە ٢ مانگ و ٢٠ ڕۆژ پێشەوە دەسبەسەر کراوە.
جەسیم حاسڵی، کوڕی جەمیل، لەدایکبووی ١٣٧٥ لە گوندی کەڕئاوا سەر بە شاری مەریوانە. ناوبراو قارەمانی وەرزشی کیک بۆکسینگ و مووی تای ئێرانە و زیاتر لە ١٠ ساڵە لەم بوارەدا چالاکە و شانازیی یاریکردن لە خولی نایابی ڕێکخراوە ناسراوەکانی تایلەندی هەیە. ناوبراو ماوەیەکیش کاری کۆڵبەری کردووە.