کەیوان ڕەشۆزادە و کامران قاسمی لە بەندیخانەی ورمێ ئازاد کران

13:30 - 16 رەزبەر 2724

ڕۆژی شەممە ١٤ی ڕەزبەری ١٤٠٣، کەیوان ڕەشۆزادە و کامران قاسمی، دوو بەندکراوی سیاسیی کوردی خەڵکی ورمێ، بە شێوەی مەرجدار لە بەندیخانەی ئەم شارە ئازاد کران.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، ئازادیی مەرجداری کەیوان ڕەشۆزادە لەکاتێکدایە کە ناوبراو لە ڕۆژی ٤ی ڕەزبەری ١٤٠٣ـەوە بە نیشانەی ناڕەزایەتیدەربڕین بە دژایەتیی بەرپرسانی بەندیخانەی ورمێ و ئیتلاعات لەگەڵ داواکارییەکەی بۆ ئازادیی مەرجدار، مانی لە خواردن گرتبوو. ناوبراو پاش مانگرتن لە خواردن بۆ ژووری تاکەکەسی ڕاگوێزرابوو و ڕۆژی شەممە ١٤ی ڕەزبەر لە یازدەهەمین ڕۆژی مانگرتنەکەیدا پاش ئازادکران ڕەوانەی نەخۆشخانە کرا.

کەیوان ڕەشۆزادە پێشتریش بە نیشانەی ناڕەزایەتیدەربڕین بە ناڕوونیی دۆخی خۆی لە بەندیخانەی ورمێ و دژایەتی لەگەڵ داواکارییەکەی بۆ وەرگرتنی مورەخەسی و ئازادیی مەرجدار مانی لە خواردن گرتبوو.

لە بانەمەڕی ١٤٠٣دا، نازدار ڕوودساز، دایکی کەیوان ڕەشۆزادە، بەندکراوی سیاسیی کوردی خەڵکی "سین آباد" سەر بە ناوچەی سۆمای برادۆست و دانیشتووی شارەکی ئیسلام ئابادی ورمێ بە بڵاوکردنەوەی پەیامێکی ڤیدیۆیی، وێڕای ئاماژە بە لێدان و توندوتیژی دژی منداڵەکەی لەلایەن بەرپرسان و گاردی تایبەتی بەندیخانەی ورمێوە بە دەست و لاقی بەستراو، سەبارەت بە مانگرتنی کوڕەکەی لە خواردن و دۆخی تەندروستیی ناوبراو، نیگەرانیی دەربڕیبوو.

کەیوان ڕەشۆزادە لە جۆزەردانی ١٤٠١دا ، بە نیشانەی ناڕەزایەتیدەربڕین بە دژایەتیکردنی بەرپرسانی زیندانی ورمێ بۆ هاتنە مەرەخەسییەکەی، بە دوورینەوەی لێوەکانی بۆ ماوەی چەند ڕۆژ مانی لە خواردن گرت.

ڕۆژی سێشەممە ١٥ی ڕەشەمەی ١٤٠٢، کامران قاسمی، بەندکراوی سیاسیی کوردی خەڵکی ورمێ بە نیشانەی ناڕەزایەتیدەربڕینی بەرپرسانی بەندیخانە و ئیتلاعات لەگەڵ داواکارییەکەی بۆ وەرگرتنی مورەخەسی و ئازادیی مەرجدار، مانی لە خواردن گرت و ڕۆژی پێنجشەممە ٢٤ی ڕەشەمە بە بەڵێنی بەرپرسان سەبارەت بە بەدواداچوونی داواکارییەکانی کۆتایی بە مانگرتنەکەی هێنا.

کەیوان قاسمی و کەیوان ڕەشۆزادە سەرماوەزی ١٣٩٩ش بە نیشانەی نارەزایەتیدەربڕین بە ناروونیی چراەنووسیان، گوشارەکانی نووسینگەی ئیتلاعات و لەبەرچاونەگرتنی یاسای جیاکردنەوەی تاوانەکان لە بەندی لاوانی بەندیخانەی ناوەندیی ورمێ بۆ ماوەی یەک حەفتە مانیان لە خواردن گرتبوو.

کەیوان ڕەشۆزادە و کامران قاسمی لە ڕۆژی ١٦ی ڕەزبەری ١٣٩٨ لەلایەن هیزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر کران و پاش یەک مانگ لێپرسینەوە لە گرتنگەی ئیتلاعاتی ورمێ بۆ بەندیخانەی ناوەندیی ئەم سارە ڕاگوێزران.

ئەم دوو بەندکراوە سیاسییە پاش یەک ساڵ ناڕوونیی جارەنووسیان لە بەندیخانەی ورمێ، سەرماوەزی ١٣٩٩ لەلایەن لقی ٢ی داداگیا ئینقلابی ورمێوە بە سەرۆکایەتیی دادوەر "شێخلوو" بە تۆمەتی "هەوڵدان دژی ئەمنییەتی نەتەوەیی لە ڕێگەی ئەندامەتی لە یەکێک لە حیزبە کوردستانییەکانی ئۆپۆزسیۆنی حکوومەتی ئێران" هەر کام بە ١٠ ساڵ و یەک ڕۆژ بەدنکران سزا دران. دواتر سزای ئەم دوو بەندکراوە سیاسییە بەپێێ ماددەی ٤٤٢ بە ٧ ساڵ و ٦ مانگ بەندکرای داسەپاو کەم کرایەوە.