بەردەوامیی دەسبەسەرکران و ناڕوونیی چارەنووسی ئەمیرحوسێن حەقجوویان، لە چالاکانی کۆمەڵگەی یارسان

21:26 - 9 رەزبەر 2724

سەرەڕای تێپەڕبوونی ٨ ڕۆژ لە دەسبەسەرکرانی ئەمیرحوسێن حەقجوویان، خاڵۆزا و لە هاوڕێیانی نزیکی ڕەزا ڕەسایی ناڕازیی لەسێدارەدراو، سەبارەت بە دۆخی ناوبراو زانیارییەک لەبەر دەستدا نییە.

بە وتەی سەچاوەیەکی ئاگادار، ئەم چالاکەی کۆمەڵگەی یارسان لە ماوەی دەسبەسەرکرانیدا تەنیا پێوەندییەکی تلفۆنیی کورتی لەگەڵ بنەماڵەکەی هەبووە و لە دەسپێڕاگەیشتن بە پارێزەر و چاوپێکەوتن لەگەڵ بنەماڵەکەی بێبەری بووە.

ئەم سەرچاوە ئاگادارە ڕایگەیاند: سەبارەت بەو ناوەندە کە ئەمیرحوسێن حەقجوویانی دەسبەسەر کردووە هەروەها شوێنی ڕاگیران و دۆخی تەندروستیی ناوبراو زانیارییەکی ورد لەبەر دەستدا نییە.

 سەرلەبەیانیی ڕۆژی دووشەممە ٢ی ڕەزبەری ١٤٠٣، هێزە ئەمنییەتییەکان هێرشیان کردە سەر شوێنی کارەکەی ئەمیرحوسێن حەقجوویان لە کەمەربەندیی شاری سەحنە لە پارێزگای کرماشان و دەسبەسەریان کرد.

هەتا کاتی بڵاوبوونەوەی ئەم هەواڵە، سەبارەت بە هۆکاری دەسبەسەرکران و تۆمەتە وەپاڵدراوەکان دژی ئەمیرحوسێن حەقجوویان زانیارییەک لەبەر دەستدا نییە.

ئەمیرحوسێن حەقجوویان کوڕی خەیروڵڵا حەقجوویان لە ئەندامانی کۆڕی ڕاوێژکاری چالاکانی مەدەنیی یارسانە.

سەرلەبەیانیی ڕۆژی سێشەممە ١٦ی جۆزەردانی ١٤٠٣، ڕەزا ڕەسایی لە ناڕازییانی بزووتنەوەی ژن، ژیان، ئازادی بە شێوەی نهێنی لە بەندیخانەی دێزڵاوای کرماشان لە سێدارە درا. تەرمی ناوبراو لەژێر گوشاری ناوەندە ئەمنییەتییەکان لە گۆڕستانی "میناباد"ی کرماشان کە زیاتر لە سێ کاتژمێر لە شوێنی نیشتەجێبوونی دوورە، تەنیا بە بەشداریی ئەندامانی بنەماڵەکەی و پێشگرتن لە ڕێوڕەسمی ئایینی یاری بەخاک سپێردرا و بتۆنی بەسەردا کرا.