جوانڕۆ/ لێپرسینەوە و وەرگرتنی بەڵیننامە لە ٩ قوتابیی دواناوەندیی شاهێد لە پێوەندی لەگەڵ بزووتنەوەی ژن، ژیان، ئازادی

17:20 - 6 رەزبەر 2724

هاوکات لەگەڵ دەسپێکی ساڵی نوێی خوێندنی ١٤٠٣-١٤٠٤ لە ئێران، ڕۆژی سێشەممە ٣ی ڕەزبەری ١٤٠٣، هێزە ئەەمنییەتییەکان هێرشیان کردە سەر قوتابخانەی دواناوەندیی شاهێد لە جوانڕۆ و لە پێوەندی لەگەڵ بزووتنەوەی ژن، ژیان، ئازادی بۆ ماوەی چەند کاتژمێر، لێپرسینەوەیان لە ٩ قوتابیی ئەم قوتابخانەیە کرد و بەڵێننامەیان لێ وەرگرتن.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگاداری کوردپا؛ بەیانیی ڕۆژی سێشەممە، هێزە ئەمنییەتییەکانی وەزارەتی ئیتلاعات بە چەند ماشینەوە بە مەبەستی دەسبەسەرکردنی ٩ قوتابی، ‌هێرش دەکەنە سەر قوتابخانەی داوناوەندیی کوڕانەی شاهێد لە جوانڕۆ؛ بەڵام دوابەدوای ئاڵۆزبوونی کەشی قوتابخانەکە و هاتنی بنەماڵەی قوتابییەکان بۆ قوتابخانە، لە ڕاگوستنیان بۆ ناوەندە ئەمنییەتییەکان پاشگەز دەبنەوە لە کۆتاییدا قوتابییەکان دەبەنە دیوێکی قوتابخانەکە و لەوێ لێپرسینەویان لێ دەکەن.

سەرچاوەی ئاگاداری کوردپا دەڵێ؛ ئەم ٩ قوتابییە بۆ ماوەی چەند کاتژمێر لە پێوەندی لەگەڵ ناڕەزایەتییەکانی ١٤٠١ لە نێو دیوێکی قوتابخانەکە لێپرسینەوە و هەڕەشەیان لێ کراوە و پێیان وتوون ئەم قوتابخانەیە و هەندێ لە قوتابییان لە درێژەی ناڕەزایەتییەکاندا چەندین جار هەوڵی "چالاکی و ئاڵۆزی"یان داوە و بەم هۆیەوە بەڵێننامەی نووسراویان لێ وەردەگیردرێت.

پێویستە بگوترێ کە ئەم ٩ قوتابییە، لە درێژەی بزووتنەوەی ژن، ژیان، ئازادیشدا دەسبەسەر کرابوون و هێزە ئەمنییەتییەکان لە کاتی دەسبەسەرکردن و لێپرسینەوە لە نێو قوتابخانەدا پێیان وتوون ئێوە "کۆدتان هەیە و لەژێر چاوەدێریی ناوەندە ئەمنییەتییەکان"دان.

سەرچاوەی کوردپا دەڵێ: ئەم کارەی ناوەندە ئەمنییەتییەکان لە سەرەتای ساڵی خوێندندا بەمەبەستی ترساندن و تۆقاندنی قوتابییان کراوە.