بەندیخانەی ئێڤین؛ لوقمان عەلیزادە، بەندکراوی عەقیدەتی-سیاسی بە هۆی ئەشکەنجەوە لە دۆخێکی نالەباردایە

11:08 - 5 رەزبەر 2724

لوقمان عەلیزادە، بەندکراوی عەقیدەتی-سیاسی پاش تێپەڕبوونی ساڵێک لە کاتی دەسبەسەرکرانی، بە هۆی ئازار و ئەشکەنجەی زۆرەوە لە گرتنگە ئەمنییەتییەکان، لە دۆخێکی نالەباری جەستەییدایە.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگاداری کوردپا؛ ئەم بەندکراوە عەقیدەتی-سیاسییە لە ئاکامی ئەشکەنجەی زۆردا، تووشی چڵک و خوێنرێژی و نەخۆشیی دڵ بووە و پێیان ڕاگەیاندووە کە هەتا کاتێک کە دان بە تۆمەتە وەپاڵدراوەکانیدا نەنێت، لە چارەسەری پزیشکی و ئازادیی کاتی بێبەریی دەبێ.

ئەم سەرچاوە ئاگادارە دەڵێ؛ ڕێخۆڵەکانی لوقمان عەلیزادە لەژێر ئەشکەنجەدا لە گرتنگە، تووشی چڵک بووە و سەرەڕای ئەوەی کە جارێک نەشتەرگەریی بۆ کراوە بەڵام خوێنڕێژیی ڕیخوڵەی بەردەوامە. هەروەها لەم دواییانەدا تووشی نەخۆشیی دڵ بووە. لەلایەکی دیکەوە ناوەندە ئەمنییەتییەکان پێیان ڕاگەیاندووە کە هەتا کاتێک کە دان بە تۆمەتە وەپاڵدراوەکانیدا نەنێت لە مافی دەسپێڕاگەیشتنی پزیشکی و ئازادیی کاتی بە دانانی بارمتە بێبەری دەبێ.

هەتا کاتی بڵاوبوونەوەی ئەم هەواڵە، لوقمان عەلیزادە لە دۆخێکی ناڕووندایە و هیچ حوکمێکی بۆ دەرنەکراوە.

ئەم بەندکراوە تەمەن ٣٤ ساڵە، ڕۆژی ١٣ی خەرمانانی ١٤٠٢، لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر کرا و تا چەند مانگ سەبارەت بە چارەنووس و شوێنی ڕاگیرانی زانیارییەک لەبەر دەستدا نەبوو.

لوقمان عەلیزادە خەڵکی گوندی "سارۆقامیش" سەر بە شاری بۆکانە. تاکوو ئێستا ڕوون نییە کە بۆچی ناوبراو بۆ بەندیخانە ئەمنییەتییەکانی تاران و بەندیخانەی ئێڤین ڕاگوێزراوە.