دەسبەسەرکرانی ٤ هاووڵاتی لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە لە دیواندەرە

14:28 - 28 خەرمانان 2724

ڕۆژی سێشەممە ٢٧ی خەرمانانی ١٤٠٣، دوو هاووڵاتیی کورد بە ناوەکانی "سەلاح فەتحی" خەڵكی گوندی "قەڵارەیحان" و دانیشتووی گوندی "ڕەشیدئاوا" و "مانی محەممەدی" خەڵكی گوندی "تۆرێزخاتون" سەر بە شاری دیواندەرە لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر کران و بۆ شوێنێکی نادیار ڕاگوێزران.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، دەسبەسەرکرانی ئەم دوو هاووڵاتییە بە بێ بەڵگەی یاسایی بووە.

هەروەها ڕۆژی دووشەممە ٢٦ی خەرمانانی ١٤٠٣، دوو هاووڵاتیی دیکە بە ناوەکانی "ئامانج ئەحمەدی" و "پوویا (پاشناو ناڕوون)" خەڵكی گوندی "ڕەشیدئاوا" سەر بە شاری دیواندەرە، بە بێ بەڵگەی یاسایی لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر کران و بۆ شوێنێکی نادیار ڕاگوێزران.

هەتا کاتی بڵاوبوونەوەی ئەم هەواڵە، سەبارەت بە هۆکاری دەسبەسەرکران و تۆمەتە وەپاڵدراوەکان دژی ئەم چوار هاووڵاتییە زانیارییەک لەبەر دەستدا نییە.