داواکاریی پێڕاگەیشتن بە دۆسییەی پەرهام پەروەری لە دیوان باڵای وڵات ڕەت کرایەوە

23:57 - 26 خەرمانان 2724

داواکاریی پەرهام پەروەری لە دەسبەسەرکراوانی بزووتنەوەی ژن، ژیان، ئازادی بۆ دەسپێڕاگەیشتنی دووبارە بە دۆسییەکەی لەلایەن دیوانی باڵای وڵاتەوە ڕەت کرایەوە.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگاداری کوردپا، ڕۆژی پێنجشەممە ٢٢ی خەرمانانی ١٤٠٣، داواکاریی پەرهام پەروەری لەلایەن دیوانی باڵای وڵاتەوە ڕەت کرایەوە و ئەمە بۆ دووهەمین جارە کە ئەم داواکارییەی ناوبراو ڕەت دەکرێتەوە.

ڕۆژی شەممە ٢٣ی بەفرانباری ١٤٠٢، پەرهام پەروەری بە بێ ئاگاداریی بنەماڵەکەی و بە شێوەی نهێنی لە بەندیخانەی ئێڤینەوە بۆ بەندیخانەی ئێرانشار لە پارێزگای سیستان و بەلووچستان دوور خرایەوە.

سەرماوەزی ١٤٠٢، سزای بەندکران و دوورخرانەوەی پەرهام پەروەری لەلایەن لقی ٩ی دیوانی باڵای وڵاتەوە پشتڕاست کرایەوە.

پەرهام پەروەری لەلایەن لقی ٢٨ی دادگای ئینقلابی تارانەوە بە سەرۆکایەتیی دادوەر "عەمووزاد"، بە ١٠ ساڵ دوورخرانەوە بۆ زیندانی جاسک لە پارێزگای هورموزگان و پێنج ساڵ زیندانی تەعزیری مەحکووم کرابوو و ئەم حوکمە ڕۆژی سێشەممە، ٣٠ی جۆزەردانی ١٤٠٢، بە بنەماڵەکەی ڕاگەیەندرابوو.

ڕۆژی یەکشەممە، ٧ی جۆزەردانی ١٤٠٢، دادگای پێڕاگەیشتن بە تۆمەتەکانی پەرهام پەروەری، لە دەسبەسەرکراوانی بزووتنەوەی ژن، ژیان، ئازادی، لە لقی ٢٨ی دادگای ئینقلابی تاران بە سەرۆکایەتیی دادوەر "عەمووزادە" بەڕێوە چوو و ناوبراو بە بوونی پارێزەرەکەی، مازیار تاتایی سەبارەت بە تۆمەتەکانی "موحاربە" و "هەوڵدان دژی تەناهیی نەتەوەیی"، بەرگریی لە خۆی کرد.

ڕۆژی یەکشەممە، ٢٠ی خاکەلێوەی ١٤٠٢، پەرهام پەروەری خەڵکی سەقز، لە زیندانی تارانی گەورەوە بۆ زیندانی ئێڤین ڕاگوێزرا.

هەروەها ڕۆژی چوارشەممە، ١٤ی بەفرانباری ١٤٠١، پەرهام پەروەری لە پێوەندییەکی تلفۆنیدا بە بنەماڵەکەی ڕاگەیاندبوو کە لە زیندانی ئێڤینەوە بۆ زیندانی تارانی گەورە ڕاگوێزراوە.

ڕۆژی یەکشەممە ٤ی بەفرانباری ١٤٠١، پاش تێپەڕینی ٤٦ ڕۆژ لە دەسبەسەرکرانی ئەندازیار پەرهام پەروەری خەڵکی شاری سەقز، ئیزنی دەستپێڕاگەیشتن بە پارێزەر بەو هاووڵاتییە درا.

مازیار تاتایی، پارێزەری پلە یەکی دادگوستەری پاش خوێندنەوەی دۆسییەی پەرهام پەروەری بە بنەماڵەکەی ڕاگەیاندووە کە تۆمەتی "موحاربە"، لە دۆسییەی پەرهام لە شوێنی خۆیەتی.

پاش بڵابوونەوەی هەواڵێک لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان لەمەڕهەڵوەشاندنەوەی تۆمەتی "موحاربە" لە دۆسییەی ئەندازیار پەرهام پەروەری خەڵکی سەقز، سەرچاوەیەکی ئاگادار لە وتووێژێکدا، لەگەڵ کوردپا ئەو هەواڵەی ڕەت کردەوە.

ڕۆژی چوارشەممە ڕێکەوتی ١٨ی خەزەڵوەری ١٤٠١، ئەندازیار "پەرهام پەروەری" خەڵکی شاری سەقز کە لە ڕەوتی خۆپیشاندانەکانی شاری تاران دەسبەسەر کرابوو، لەلایەن دادسەرای ئەمنییەتیی زیندانی ئێڤین بە "موحاربە" تۆمەتبار کرا.

"پەرهام پەروەری" دوای حەفتەیەک ڕاگیران لە زیندانی "فەشافوویە" بۆ زیندانی "ئێڤین" گوازرابووەوە.

"پەرهام پەروەری" تەمەنی ٢٥ ساڵە و دەرچووی ئەندازیاریی مێکانیک لە زانکۆی "سەنعەتـ"ـی شاری ورمێیە و "موزەفەر پەروەری" و "سروە سووزەنی" باوک و دایکی پەرهام لە فەرهەنگییانی خانەنشینکراوی شاری سەقزن.

ئەندازیار "پەرهام پەروەری" پلەی سێهەمی مەلەوانیی لە ئاستی ئێراندا هەیە و چەندین خەڵاتی لە ئاستی ناوچەیی و لە بواری خوێندکاری بەدەست هێناوە.

ناوبراو لە شیرکەتێکی ئەندازیاری لە شاری تاران خەریکی کارکردن بووە.