بەندیخانەی ورمێ؛ سیامەک هەیاسی بە دانانی بارمتە ئازاد کرا
ڕۆژی چوارشەممە ٢١ی خەرمانانی ١٤٠٣، سیامەک هەیاسی، هاووڵاتیی کوردی خەڵكی گوندی "حاجیاوا" سەر بە شاری بۆکان، بە دانانی بارمتەی ٢ میلیارد تمەنی و بە شێوەی کاتی لە بەندیخانەی ورمێ ئازاد کرا.
ئەم هاووڵاتییە پاش دەسبەسەرکران لەلایەن ناوەندە ئەمنییەتییەکانی بۆکانەوە بۆ یەکێک لە گرتنگە ئەمنییەتییەکانی ورمێ ڕاگوێزرا و دواتر پاش تێپەڕبوونی ٥ مانگ لە دەسبەسەرکران و لێپرسینەوە، بۆ بەندیخانەی ناوەندیی ورمێ ڕاگوێزرا.
سیامەک هەیاسی بۆ ماوەی ١٠٩ ڕۆژ لە ژووری تاکەکەسیدا بووە و بەتوندی ئەشکەنجە دراوە.
ئەم هاووڵاتییە لە هەموو ماوەی دەسبەسەرکران و لێپرسینەوەدا لە دەسپێڕاگەیشتن بە پارێزەر بێبەری کراوە.
تۆمەتی وەپاڵدراو دژی ئەم هاووڵاتییە کوردە، "هەوڵدان دژی تەناهیی نەتەوەیی" و "ئەندامەتی لە یەکێک لە حیزبە کوردستانییەکانی ئۆپۆزسیۆنی حکوومەتی ئێران" ڕاگەیەندراوە.
دوانیوەڕۆی ڕۆژی چوارشەممە، ٣٠ی خاکەلێوەی ١٤٠٢، هێزە ئەمنییەتییەکان بە بێ بەڵگەی یاسایی، سیامەک هەیاسییان دەسبەسەر کرد و پاشان دەستیان بە پشکنینی ماڵەکەی کرد.
هێزە ئەمنییەتییەکان دەستیان بەسەر کەلوپەلی کەسیی ناوبراو، لەوانە: لەپتاب، فلەش مێمۆری و مۆبایلەکەی داگرتووە.