درێژەی ئاگرکەوتنەوەی دارستانەکانی سەلاسی باوەجانی لە چوارەمین ڕۆژدا و لەنێوچوونی زیاتر لە ٥٠٠ هێکتار لەم دارستانە

23:08 - 13 گەلاوێژ 2724

بە تێپەڕبوونی چوارەمین ڕۆژ لە درێژەی ئاگرکەوتنەوەکان لە دارستان و لەوەڕگەکانی سەلاسی باوەجانی و سەرەڕای کۆنتڕۆڵکردنی ئاگرەکە لەلایەن پارێزەرانی ژینگەوە بە مەبەستی پێشگرتن لە بەربڵاوبوونەوەی ئاگرەکە؛ ئەگەری تەشەنەسەندنی ئەم ئاگرە زۆرە و بۆ کۆنتڕۆڵکردنی فڕۆکەی ئاوپرژێن پێویستە.

لە ڕۆژی چوارشەممە ١٠ی گەلاوێژی ١٤٠٣ی هەتاوییەوە، بەشگەلێک لە دارستان و لەوڕگەکانی سەلاسی باوەجانی سەر بە پارێزگای کرماشان تووشی ئاگرکەوتنەوە بوون و بە وتەی سەرچاوە ئاگادارەکانی کوردپا ئەم ئاگرە هەتا ئەمڕۆ شەممە ١٣ی گەلاوێژی ١٤٠٣، زیاتر لە ٥٠٠ هێکتار لە لەوڕگە و دارستانەکانی "دڕی، وانیسەر، جەنگە، کێسەڵە، گوڕشێ و هاڵە‌شەر" سە بە ناوچەی "خانە شوور"ی سەلاسی باوەجانی گرتووەتەوە.

سەرچاوەی ئاگاداری کوردپا سەبارەت بە چڕبوونی دارستانی ئەم ناوچەیە دەڵێ؛ ئەم ناوچەیە بە داری "بەڕوو و قەزوان" داپۆشراوە و دارستان و گژوگیاکەی بە چەشنێک چڕ و پڕە کە کۆنتڕۆڵکردنی ئاگرکەوتنەوە لەلایەن مرۆڤەوە زۆر سەختە و ناوەندە پێوەندیدارەکانی حکوومەتیش بە کردەوە هیچ هەوڵێک نادەن و هیچ بەرنامە و مودیرییەتێک بۆ کۆنتڕۆڵی ئاگرەکە بوونی نییە.

ئەم سەرچاوە ئاگادارە سەبارەت بە ناکارامەیی حکوومەت وتی؛ لە ماوەی ئەم چوار ڕۆژەدا تەنیا هێلیکۆپتەرێک نێردراوەتە ئەم ناوچەیە، بەڵام هیچ کاراییەکی نەبووە. چونکە کۆنترۆڵکردنی ئەو ئاگرانەی کە لە توانای مرۆڤدا نین، پێویستی بە فڕۆکەی ئاوپرژێنی ٤٠ هەزار لیتری هەیە نەک هێلیکۆپتەرێک کە بۆ گواستەوەی مرۆڤ بەکار دێت. هەروەها پێویستە لە هەر ناوچە و شارێکدا ناوەندی کوژاندنەوەی ئاگری تەیار بە پێداویستی و هێزی مرۆیی پسپۆڕ دامەزرێت تاکوو بتوانن پێش بە بەربڵاوبوونەوەی ئاگرکەوتنەوەکان بگرن. بەم هۆیەوە و بە ناردنی هێزەکانی جەهادی کشاوەرزی، سەرچاوە سروشتییەکان و ژینگە، حکوومەت سەبارەت بە کۆنتڕۆڵکردنی ئاگرەکە ناکارامە بووە و کۆنترۆڵی بەشێکی بەربڵاو لە ئاگرەکە لە سەر شانی ژینگەپارێزەران بووە.

لە ساڵی ١٤٠٢دا پشکی ژینگە لە بوودجە تەنیا ٠.٠٢ لەسەد بووە. هەر لەم پێوەندییەدا ڕەزا ئەنجوم شوعاع، جێگری گەشەی مودیریەت، یاسا و کاروباری مەجلیسی ڕێکخراوی پاراستنی ژینگە وتبووی؛ "ئەم ڕێژەیە زۆر کەمە و نیزامی پلاندانانی وڵات، بەداخەوە کەمتر گرینگی بە ژینگە دەدات." ئەم لەحاڵێکدایە کە سەرانەی ئەم بوودجەیە لە زۆربەی وڵاتاندا لانیکەم زیاتر لە یەک لەدەسە.

تاکوو ئێستا چالاکان و ژینگەپارێزان لە زیاتر لە ٧ شاری کوردستانەوە لەوانە شارەکانی جوانڕۆ، ڕوانسەر، پاوە، سەقز، کامێران، مەریوان و سنە بۆ کۆنتڕۆڵکردنی ئەم ئاگرە و بە شێوەی خۆبەخشانە چوونەتە ئەم ناوچەیە و هەوڵەکانی خەڵک بۆ کۆنتڕۆڵی ئاگرەکە بەردەوامە.

سەرچاوەی ئاگاداری کوردپا لەمبارەوە دەڵێ؛ هەبوونی چالاکانی ژینگەپارێزیی بەئەزموون بووەتە هۆی ئەوەی کە ژینگەپارێزان زۆر وشیارانە سەرەتا بیر لە کۆنترۆڵکردنی گژوگیاکە بۆ پێشگرتن لە ئاگرکەوتنەوەی زۆرتر بگرن و دواتر هەوڵ بۆ کۆنتڕۆڵکردنی ئەو ناوچانە بدەن کە ئاگریان تێ بەر بووە. تاکوو ئێستا دۆخەکە بە ڕێژەیەکی زۆر بە مەبەستی پێشگرتن لە تەشەنەسەندنی ئاگرەکە کۆنتڕۆڵ کراوە، بەڵام سەرەڕای ئەوەش ئەگەری ئاگرکەوتنەوە و هەڵگیرسانەوەی ئاگرەکە لە سەریێە.

هۆکاری ئەم ئاگرکەوتنەوەیە، هۆکاری مرۆیی ڕاگەیەندراوە، بەڵام تاکوو ئێستا ڕوون نییە کە چ کەسانێک و بە چ ئامانجێک ئەم کارەیان کردووە.

ئامادەکردن؛ ئەوین مستەفازادە