بەردەوامیی دەسبەسەرکران و ناڕوونیی چارەنووسی سەلام سوڵتانی و ئەمیر فەقێ لە بەندیخانەی نەغەدە

00:47 - 11 گەلاوێژ 2724

دوو هاووڵاتیی کورد بە ناوەکانی "سەلام سوڵتانی" و "ئەمیر فەقێ"، خەڵكی گوندی "خورینج" سەر بە شاری پیرانشار، لە بەندیخانەی نەغەدە دەسبەسەرن و چارەنووسیان ناڕوونە.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، ئەم دوو هاووڵاتییە کوردە پاش کۆتاییهاتنی قۆناغەکانی لێپرسینەوە لە یەکێک لە گرتنگە ئەمنیەتییەکانی ورمێوە بۆ بەندیخانەی نەغەدە ڕاگوێزراون.

ئەم سەرچاوە ئاگادارە ڕایگەیاند: ئەم دوو هاووڵاتییە کوردە لە ماوەی دەسبەەرکرانیاندا لە دەسپێڕاگەیشتن بە پارێزەر بێبەری کراون و تاکوو ئێستا کۆبوونەوەی دادگاییکرانیان بەڕێوە نەچووە.

سەرلەبەیانیی ڕۆژی دووشەممە ١٧ی باناەمەڕی ١٤٠٣، سەلام سوڵتانی بە بێ بەڵگەی یاسایی لە ماڵەکەی خۆیدا لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر کرا.

سەرلەبەیانیی ڕۆژی چوارشەممە ٢ی جۆزەردانی ١٤٠٣ش، هێزە ئەمنییەتییەکان بە بێ بەڵگەی یاسایی هێرشیان کردە سەر ماڵی ئەمیر فەقێ و دەسبەسەریان کرد.

تاکوو ئێستا سەبارەت بە هۆکاری دەسبەسەرکران و تۆمەتە وەپاڵدراوەکان دژی ئەم دوو هاووڵاتییە کوردە زانیارییەکی ورد دەست نەکەوتووە.

وێنە لە ڕاستەوە بۆ چەپ: سەلام سەڵتانی و ئەمیر فەقێ