لە ساڵڕۆژی لەدایکبوونی محەممەد حەسەنزادە؛ دەسبەسەرکرانی توندوتیژانەی باوک و خوشکی ئەم گیانلەدەستداوە لەلایەن ناوەندە ئەمنییەتییەکانەوە

00:40 - 10 گەلاوێژ 2724

ئەمڕۆ ٩ی گەلاوێژی ١٤٠٣، هاوکات لەگەڵ ساڵڕۆژی لەدایکبوونی محەممەد حەسەنزادە لە گیانلەدەستداوانی بزووتنەوەی ژن، ژیان، ئازادی لە بۆکان، هێزە ئەمنییەتییەکان هێرشیان کردووەتە سەر ماڵی باوکی ناوبراو و باوک و خوشکی ناوبراویان بە توندوتیژییەوە دەسبەسەر کردوون.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگاداری کوردپا؛ هێزە ئەمنییەتییەکان جیا لە بیڕێزیی زۆر بە ئەندامانی بنەماڵەی حەسەنزادە، ئەحمەد حەسەنزادە باوکی محەممەد حەسەنزادە و سۆلماز حەسەنزادە، خوشکی ناوبراویان بە توندوتیژی و لێدان دەسبەسەر کردووە و بۆ شوێنێکی نادیار ڕایانگواستوون.

سەرچاوەیەکی ئاگاداری کوردپا دەڵێ؛ بەبۆنەی لەدایکبوونی محەممەد حەسەنزادە، بنەماڵەکەی لە هەوڵدا بوون، ڕێوڕەسمێکی بچووکی لەدایکبوون لە ماڵەکەی خۆیاندا بەڕێوە ببەن، بەڵام لەگەڵ ڕێگریی ناوەندە ئەمنییەتییەکان و دەسبەسەرکران بەرەوڕوو بوونەوە.

هێزە ئەمنییەتییەکان جیا لە دەستداگرتن بەسەر مۆبایلی باوک و خوشکی محەممەد حەسەنزادە، دەستیان بەسەر مۆبایلی دایکیشیدا گرتووە.

سۆلماز حەسەنزادە پێشتر و لە ڕێکەوتی ٥ی ڕەزبەری ١٤٠٢شدا لەگەڵ ٣ هاووڵاتیی دیکە بە ناوەکانی "شیرین خەیات"، "سیمین خەیات" و "شەیدا ڕەزایی" بانگهێشتی میوانییەک لە شاری سەقز کرابوون کە لە خاڵی پشکنینی بۆکان_سەقز لەلایەن هێزەکانی حکوومەتەوە دەسبەسەر کرا و بۆ شوێنێکی نادیار ڕاگوێزرا.

هەروەها ڕۆژی ١٤ی خەرمانانی ١٤٠٢، ئەحمەد و سۆلماز حەسەنزادە، باوک و خوشکی محەممەد حەسەنزادە بانگی ئیتلاعاتی بۆکان کران و لێپرسینەوەیان لێ کرا.

ڕۆژی ٢٥ی خەزەڵوەری ١٤٠١، محەممەد حەسەنزادە، تەمەن ٢٨ ساڵ و خەڵکی بۆکان، لە ناڕەزایەتییە خەڵکییەکانی ئەم شارە کرایە ئامانجی فیشەکی هێزە سەرکوتکەرەکانی حکوومەت و گیانی لەدەست دا.

محەممەد حەسەنزادە، مانگێک پێش لە کوژرانی، بە هۆی بەرکەوتنی سێ فیشەکی ساچمەیی، چاوی چەپی خۆی لەدەست دابوو.  ناوبراو سێ جار لە تەورێز و تاران نەشتەرگەریی بۆ کرا، بەڵام بەم حاڵەشەوە بینایی چاوی لەدەست دا.