دەیان کەس لە بنەماڵەی مافخوازان بە بڵاوکردنەوەی وێنەی خوێناویی گیانلەدەستداوان؛ خوێ بە برینی ئێمەدا مەکەن

12:47 - 8 پووشپەڕ 2724

دەیان کەس لە بنەماڵەی گیانلەدەستداوانی بزووتنەوەی ژن، ژیان، ئازادی لە کوردستان بە بڵاوکردنەوەی بەیاننامەیەک هاوپێچ لەگەڵ وێنەی خوێناویی ئازیزەکانیان وێڕای بایکۆتی هەڵبژاردنەکان داوایان لە خەڵک کرد کە قامک لە خوێنی منداڵەکانیان نەکەن و ئەم سەپاندن (ئینتسابات)ە بایکۆت بکەن.

بنەماڵە مافخوازەکان وتوویانە؛ جیاوازییەک لەنێوان بناژۆخواز و ڕێفۆرمخوازدا نییە و لە دەسەڵاتدارێتیی هەردووکیاندا منداڵەکانیان کوژراون، چونکە ئامانج پاراستنی نیزامی لاوکوژ و ژنکوژە.

ئەوان لە کۆتاییدا وتوویانە؛ لە ڕەوتی بزووتنەوەکاندا منداڵەکانیان لە ڕێگای ئازادیدا کوژراون و ئێستا لەگەڵ خەڵک بن و بە حکوومەت بڵێن "نا" و زامی دڵی ئێمە زیاتر مەکەن.

بنەماڵەی ئەم گیانلەدەستداوانە لە ئینستاگرامی خۆیان یان ئێکاونتەکانی پێوەندیدار بە گیانلەدەستداوان، دەقی بەیاننامەکەیان لەگەڵ وێنەی ئازیزەکانیان بڵاو کردووەتەوە و هەتا کاتی بڵاوکردنەوەی ئەم هەواڵە، بڵاوکردنەوەی ئەم بەیاننامەیە لەلایەن بنەماڵەکانەوە درێژەی هەیە.

دەقی بەیاننامەی کۆمەڵێک لە بنەماڵە مافخوازەکانی کوردستان؛

بە ناوی ژن، ژیان، ئازادی

ئێمە بنەماڵە مافخوازەکانی کوردستان بە دڵێکی پڕ لە زامی شەهیدبوونی منداڵەکانمان، کە لە ڕێگای ئازادیدا گیانیان بەخت کردووە، بەم بەیاننامەیە هەموو خەڵکی کوردستان و ئێران دەکەینە بەردەنگی خۆمان.

هەروا کە دەزانن لە ڕۆژی ٨ی پووشپەڕدا، هەڵبژاردنێکی پێشوەختە بەڕێوە دەبەن تاکوو سەرۆکۆماریی نوێی خۆیان دابنێن.

ئێمە دایکانی مافخوازی کوردستان ڕایدەگەینین کە نە تەنیا لەم هەڵبژاردنەدا بەشداری ناکەین، بەڵکوو لە هەموو ئەو کەسانەی کە مافی دەنگدانیان هەیە داواکارین کە خوێ بە برینی ئێمەدا نەکەن و ئەم سەپاندن(ئینتسابات)ە بایکۆت دەکەین.

منداڵەکانی ئێمە لە دەورانی دەسەڵاتداریی بناژۆخوازەکان و ڕێفۆرمخوازەکاندا بە بێ تاوان و تەنیا بە هۆی پرسیارکردن کوژران و ئێمە جیاوازییەک لە نێوان ڕێفۆرمخواز و بناژۆخوازدا نابینین.

چونکە ئامانجی هەردوویان پاراستنی نیزامی لاوکوژ و ژنکوژی خۆیانە و ئەگەر منداڵەکانمان سەبارەت بە دۆخی نالەباری سیاسی، ئابووری و مافی مرۆیی ناڕەزایەتی دەرببڕن بە شێوەی سەروو یاسایی لەسێدارەیان دەدەن.

بە هەر دەنگێک گولـلەکان سینگی منداڵەکانمان هەڵدەدڕن و هاوبەشی کوشتنی منداڵەکانمان دەبین.

وەکوو کەسانێک کە جەرگمان سووتاوە و مافخوازی خوێنی کوڕان و کچەکانمانین داواتان لێ دەکەین کە هەر بەو چەشنەی کە منداڵەکانمان لە درێژەی شۆڕشی ژن، ژیان، ئازادیدا بۆ ئازادیی هەموو خەڵکی ئازادیخواز لە ڕێگای گەیشتن بە ئازادی گیانی خۆیان فیدا کرد، ئێوەش "نا"یان پێ بڵێن و لەگەڵ خەڵک بن و قامک لە خوێنی منداڵەکانی خۆتان ڕۆ مەکەن.

بە یەک ڕۆژ مانەوە لە ماڵەکانتان پێش بە زامداربوونی زیاتری دایکان بگرن.

لە ڕێگەی دوورەوە یەک بە یەکتان ماچ دەکەین و دۆعای خێرمان لەگەڵتانە.

کۆمەڵێک لە بنەماڵە مافخوازەکانی بزووتنەوەی ژن، ژیان، ئازادی