هەتاو ئەکرەمی پاش ٢٥ ڕۆژ دەسبەسەرکران بە دانانی بارمتەی ٦ میلیاردی ئازاد کرا

13:11 - 6 پووشپەڕ 2724

ڕۆژی دووشەممە ٤ی پووشپەڕی ١٤٠٣، هەتاو ئەکرەمی، لە بنەماڵە مافخوازەکانی بزووتنەوەی ژن، ژیان، ئازادی کە پاش گەڕانەوە بۆ ئێران لە بۆکان دەسبەسەر کرابوو، بە دانانی بارمتەی ٦ میلیارد تمەنی ئازاد کرا.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگاداری کوردپا؛ تاکوو ئێستا ڕوون نەکراوەتەوە کە هەتاو ئەکرەمی لە کوێ ڕاگیراوە و لێپرسینەوەی لێ کراوە.

هەتاو ئەکرەمی ئامۆزای مێهران ئەکرەمی لە گیانلەدەستداوانی ناڕەزایەتییەکانی ١٤٠١ بووە. ناوبراو لە دەرەوەی ئێران دەژیت و بە مەبەستی بەشداری لە شایی یەکێک لە خزمەکانی گەڕاوەتەوە بۆ بۆکان، بەڵام بە هۆی چالاکی لە تۆڕەکۆمەڵایەتییەکان، بڵاوکردنەوەی پۆستی ڕەخنەگرانە لە حکوومەت لە ئینستاگرامەکەی و مافخوازی سەبارەت بە مافی ئامۆزاکەی، پاش گەڕانەوە بۆ ئێران دەسبەسەر کراوە.

زیاتر لە ١٠ کەس لە هێزە ئەمنییەتییەکانی ئیتلاعات بە چەند ماشین هێرشیان کردووەتە سەر ماڵی ئەم ژنە و هاوکات لەگەڵ دەسبەسەرکردنی ناوبراو بە شێوەی توندوتیژانە، ماڵەکەیان پشکنیوە و دەستیان بەسەر کەلوپەلە تاکەکەسیی  و ئێلکترۆنیکییەکانیدا گرتووە.

هەتاو ئەکرەمی پێشتریش بۆ بەشداری لە ڕێوڕەسمی ئەسپەردەکردنی مێهران گەڕابووە بۆ ئێران، بەڵام بە هۆی هەستیاربوونی ناوەندە ئەمنییەتییەکان لە پێوەندی لەگەڵ گیانلەدەستدانی مێهران، بە خێرایی ئێرانی بەجێ هێشتبوو.

هەتا کاتی بڵاوبوونەوەی ئەم هەواڵە سەبارەت بە چارەنووس و شوێنی ڕاگیرانی هەتاو ئەکرەمی و هەروەها تۆمەتە وەپاڵدراوەکان دژی ناوبراو زانیارییەک لەبەر دەستدا نییە.

مێهران ئەکرەمی لە خەزەڵوەری ١٤٠١دا لە سەقز دەسبەسەر کرا و لە ٢٣ی ڕەشەمەی ١٤٠١ دا بە هۆی ئەشکەنجەی هێزەکانی ئیتلاعاتی سەقزەوە گیانی لەدەست دا؛ لە کاتی شۆردنی تەرمی مێهران ئەکرەمیدا، ئاسەواری  شکان لەسەر سەر (لە دوو لاوە)، شین هەڵگەڕانی دەموچاو و خوێنڕێژی لە لووت، گوێ و چاوی بینراوە.

مێهران ئەکرەمی، لەدایکبووی ٢٢ی ڕێبەندانی ١٣٦٨، کوڕی ئیبراهیم، خەڵکی شاری تیکاب سەر بە پارێزگای ورمێ بوو.

مێهران ئەکرەمی وەزرشوانی بواری تێکواندۆ بوو و چەندین قارەمانیی لە ئاستی پارێزگا و وڵاتدا هەبوو.