محەممەدئەمین محەممەدی، هاووڵاتیی بەساڵاچوو، بە مەبەستی جێبەجێکرانی سزای دوو ساڵ بەندکران بۆ بەندیخانەی نەغەدە ڕاگوێزرا

00:51 - 24 جۆزەردان 2724

ڕۆژی دووشەممە ٢١ی جۆزەردانی ١٤٠٣، هاووڵاتییەکی کورد بە ناوی "محەممەدئەمین محەممەدی" تەمەن ٧٣ ساڵ و خەڵکی پیرانشار بە مەبەستی جێبەجێکرانی سزای دوو ساڵ بەندکران،  ڕەوانەی بەندیخانەی نەغەدە کرا.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگاداری کوردپا، ئەم هاووڵاتییە بەتەمەنە پێشتر لەلایەن دادگای ئینقلابی پیرانشارەوە بە تۆمەتی "هاوکاری لەگەڵ یەکێک لە حیزبە کوردستانییەکانی ئۆپۆزسیۆنی حکوومەتی ئێران" بە دوو ساڵ بەندکران سزا درابوو.

سەرچاوەی ئاگاداری کوردپا دەڵێ؛ محەممەدئەمین محەممەدی پێشتر سەبارەت بە بڕیاری دادگای سەرەتایی ناڕەزایەتیی دەربڕیبوو بەڵام دادگای پێداچوونەوە سزای دوو ساڵ بەندکرانەکەی وەک خۆی پشتڕاست کردەوە.

محەممەدئەمین محەممەدی خەڵکی گوندی "تەمەرچین" سەر بە شاری پیرانشارە. ناوبراو ڕۆژی ١٣ی خەرمانانی ١٤٠٢ بە بێ بەڵگەی یاسایی لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر کرا و بە مەبەستی لێپرسینەوە بۆ ئیتلاعاتی ورمێ ڕاگوێزرا.

ئەم هاووڵاتییە کوردە پاش ٧٥ ڕۆژ دەسبەسەرکران بە دانانی بارمتە و بە شێوەی کاتی هەتا کۆتاییهاتنی قۆناغەکانی دادڕەسی، ئازاد کرابوو.