ڕاگواستنی کامران شێخە، بەندکراوی عەقیدەتیی مەحکووم بە لەسێدارەدان لە بەندیخانەی قزڵحەسارەوە بۆ بەندیخانەی مەهاباد

21:40 - 14 جۆزەردان 2724

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگاداری کوردپا، ڕۆژی شەممە، ١٢ی جۆزەردانی ١٤٠٣، کامران شێخە، بەندکراوی عەقیدەتیی مەحکووم بە سێدارە کە لە ماوەی مانگەکانی ڕابردوودا  ٦ بەندکراوی دیکە کە دۆسییەی هاوبەشی لەگەڵیان هەبوو لە سێدارە دران، بە بێ خستنەڕووی هیچ هۆکارێک لە بەندیخانەی قزڵحەسارەوە بۆ بەندیخانەی مەهاباد ڕاگوێزرا.

پێشتر هاوکات لەگەڵ لەسێدارەدرانی خەسرەو بشارەت، ڕاپۆرتگەلێک سەبارەت بە ڕاگواستنی کامران شێخە بۆ ژووری تاکەکەسیی بەندیخانەی قزلحەساری کەرەج بڵاو کرایەوە، بەڵام سەرچاوەیەکی ئاگاداری کوردپا لەو کاتەدا ڕایگەیاند کە ناوبراو ڕەوانەی ژووری تاکەکەسی نەکراوە.

سەرلەبەیانیی ڕۆژی چوارشەممە ٢٦ی بانەمەڕی ١٤٠٢، سزای لەسێدارەدرانی خەسرەو بەشارەت، بەندکراوی عەقیدەتیی کورد پاش ١٤ ساڵ بەندکران و  ١٤ ڕۆژ مانەوە لە ژووری تاکەکەسی و بە بی مافی ئاخرین چاوپێکەوتن لەگەڵ بنەماڵەکەی جێبەجێ کرا. ئەمە لەکاتێکدا بوو کە پارێزەرەکەی داوای پێڕاگەیشتنی دووبارەی کردبوو و بڕیار بوو ڕۆژی چوارشەممە ٢٦ی بانەمەڕی ١٤٠٣ لە دابڕگە بهێنریتە دەرەوە.

سزای لەسێدارەدرانی ٥ کەسی تر کە لەگەڵ ئەم بەندکراوە عەقیدەتییە دۆسییەی هاوبەشیان بوو بە ناوەکانی ئەنوەر خزری، فەرهاد سەلیمی، داوود عەبدوڵڵاهی، قاسم ئابستە و ئەیووب کەریمی لە ماوەی ٧ مانگدا جێبەجێ کراوە.

کوردپا لە ١٨ی بانەمەڕی ١٤٠٣دا ڕاپۆرتێکی سەبارەت بە وردەکارییەکانی دۆسییەی ئەم بەندکراوانە بڵاو کردەوە.