ئارمان مورادی بە مەبەستی جێبەجێکرانی سزای بەندکران، ڕەوانەی بەندیخانەی سنە کرا

10:46 - 6 جۆزەردان 2724

ڕۆژی دووشەممە ٣١ی بانەمەڕی ١٤٠٣، ئارمان مورادی، چالاکی مەدەنی و خوێندکاری کارناسی باڵای زانستی سیاسیی زانکۆی ڕازیی کرماشان پاش ئامادەبوون لە لقی جێبەجێکاری سزاکانی دادگای سنە، بە مەبەستی جێبەجێکرانی سزای بەندکرانەکەی بۆ بەندیخانەی سنە ڕاگوێزرا.

ئارمان مورادی پێشتر لەلایەن لقی یەکی دادگای ئینقلابی سنەوە بە تۆمەتی "هاوکاری لەگەڵ یەکێک لە حیزبە کوردستانییەکانی ئۆپۆزسیۆنی حکوومەتی ئێران" بە ٥ مانگ بەندکرانی تەعزیری سزا درابوو.

ئەم خوێندکارە کوردە لە ڕۆژی ٢٢ی خەرمانانی ١٤٠٢دا لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسە کرا و پاش ٢٨ ڕۆژ بە دانانی بارمتە لە گرتنگەی ئیتلاعاتی سنە ئازاد کرابوو.

ئارمان مورادی خەڵکی گوندی "دەرەگاوان" سەر بە شاری دیواندەرەیە.